كشتوكاڵی بێ پلان و وشكەساڵی لە پێنجوێن ئاوی ژێرزەویی دابەزاندووە

:: PM:03:27:31/07/2021 ‌
لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، بەهۆی وشكەساڵی و بەلێشاو سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی ئاو، وایكردووە زۆربەی بیرەكانی ماڵان بەرێژەی 50% و بیری زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بەرێژەی 80% كەمی بكات یان وشك بێت. بەشێك لە جووتیاران، بەتانكەر ئاو دەكڕن بۆ ئاودانی بەرهەمەكانیان و بەشێكیشیان زیانیان بەركەوتووە و ناتوانن بەرهەمی شووتی و تەماتە هەڵبگرنەوە.

سۆران محەمەد شارەزای بواری ئاودێری لە پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و كەمی بارانبارینەوە، زۆربەی بیر و چاڵ و چەمەكانی سنووری پێنجوێن وشك بوون، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمی بەرهەمی ئەمساڵیان هەبووە.

كەمبوونەوەی ئاو تەنگی بەجووتیاران هەڵچنیوە


ئەو روونی كردەوە، هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ وشك نەبووە و كەمبوونەوەی ئاو تەنگی بەجووتیاران هەڵچنیوە، زۆربەی بیری ماڵان بەڕێژەی 50% كەمی كردووە یان وشكی كردووە، هەروەها زۆربەی بیری زەوییە كشتوكاڵییەكانیش ئاویان بەرێژەی 80% دابەزیوە.

هادی سیامەند یەكێك لە جووتیارانی سنووری شارەدێی گەرمك، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، وەك جووتیاران بەهۆی وشكەساڵییەوە دەستیان لە زەوییە كشتوكاڵییەكانیان هەڵگرتووە.

ئەو دەڵێت، "بەشێكی تری جووتیاران بەرهەمی زۆریان كردووە، بەهۆی كەمئاوییەوە بەچەند رۆژ جارێك بەرهەمەكانیان ئاو دەدەن، بەتایبەتیش تەماتە كە ئێستە لە پێگەیشتن نزیك بووەتەوە و مەترسی هەیە، ئەگەر كار بەم شێوە بڕوات، بەرهەمەكەی كەم ببێتەوە."

زۆربەیان زیانیان پێ گەیشتووە


بەگوتەی ئەو جووتیارە ئەوانەی شووتیان هەیە، لە ترسی لە ناوچوونیان بەزوویی دەیفرۆشنەوە و زۆربەیان زیانیان پێ گەیشتووە، جووتیاران بەتانكەر ئاو دەكڕن بۆ ئاودانی بەرهەمەكانیان. ئەو بە پێویستی دەزانێ یاسایەك هەبێت بۆ كشتوكاڵ لە ناوچەكەدا، چونكە هەرچەندە ئەمساڵ كەمبارانی بوو، بەڵام لە ساڵی رابردوودا رووبەری زیاتر چێنراوە و ئەو ئاوەی هەبووە بەشی زەوییە كشتوكاڵییەكان ناكات، تەنانەت سەر چیاكانیش كراونەتە كشتوكاڵ.

شارۆكەی پێنجوێن دەكەوێتە سەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافیاكەیەوە كشتوكاڵێكی زۆری لێ دەكرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سلێمان تاشان