"زۆرینەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەمێننەوە و تەنیا ئەركیان دەگۆڕێت"

:: PM:08:25:31/07/2021 ‌

دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند لە كۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕوانییەكانیان لە عێراق نامێنێت، رۆژنامەی "ستار تریبیۆن"ی ئەمەریكی مەبەستی ئەمەریكا لەو بڕیارە روون دەكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە كە زۆرینەی هێزەكانی ئێستەی ئەمەریكا دەمێننەوە و تەنیا ئەركیان دەگۆڕێت.
دەبوایە بایدن بەهەمانشێوەی عێراق مامەڵەی لەگەڵ ئەفغانستان بكردایە
لە راپۆرتێكی رۆژنامەكەدا هاتووە، سەرەڕای بڕیارەكەی بایدن، بەڵام ژمارەیەكی كەمی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەچنە دەرەوە، بەڵكو زۆرینەی ئەو 2500 سەربازە ئەمەریكییەی لە عێراقن، دەمێننەوە و ئەركەكانیان رێك دەخرێتەوە بۆ بواری مەشق و راوێژكاری. ئەوەیش هەنگاوێكی ژیرانەیە لەلایەن بایدنەوە، بەهۆی مانەوەی هەڕەشەی داعش و میلیشیاكانی ئێران، كە بەبەردەوام هێرش دەكەنە سەر سەربازانی ئەمەریكا. 

رۆژنامەكە دووپاتی كردەوە كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەردەكەوێت ئاخۆ ئەو سیاسەتە وردەی بایدن دەتوانێت سەقامگیری بۆ هەڵوێستی سیاسیانەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق فەراهەم بكات، ئەگەرچی پێشبینیش دەكرێت میلیشیاكان بەو بڕیارە رازی نەبن، لەوكاتەی رۆژنامەكە ئاماژەی كرد كە بایدن هەڵە نییە لە پێویستی وڵاتەكەی بە ستراتیجیەتێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین، بەڵام وا باشتر بوو ئەگەر بەهەمانشێوەی عێراق مامەڵەی لەگەڵ ئەفغانستانیش بكردایە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل