پیلانێكی پەكەكە دژی پێشمەرگە ئاشكرابوو

:: PM:01:28:05/08/2021 ‌
چەكدارانی پەكەكە لە نزیك ئامێدی، بڕێكی زۆری TNT ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی بتەقێننەوە. دواتر ئەو مادانە دەدۆزرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاب، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، پێشمەرگە پیلانێكی پەكەكەی لە ئامێدی پووچەڵ كردەوە، ئەویش لەناوبردنی 65 كیلۆگرام مادەی TNT بوو لەسەر شەقامی گشتی نێوان ئامێدی و دێرەلووك.

بەنیاز بوون لە ڕێی وایەر بیتەقێننەوە و زیان بەهێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگەیەنن
لە زانیارییەكاندا ئەوەیش هاتووە، ئەو مادانە لە نزیك زاڵگەی ئاسایش و پێشمەرگە لە چاڵێك كە وەك تونێلە، دایانناوە و بەنیاز بوون لە ڕێی وایەر بیتەقێننەوە و زیان بەهێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگەیەنن.

شەڕانگێزیی پەكەكە بەردەوامە و رۆژی پێنجی حوزەیرانی 2021، هێزێكی پێشمەرگە لەكاتی ئەركێكی سەربازی لە چیای مەتینی سەربە ئامێدی، لەلایەن گرووپێكی چەكداری پەكەكەوە بۆسەیان بۆ دانرا، بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون حەوتی تریش بریندار بوون.

 سێ رۆژ دواتر و لە هەشتی حوزەیران لە سنووری شارۆكەی دركاری سەربە دهۆك، بە قەناس پێشمەرگەیەكی تریان شەهید كرد.

پەكەكە بەهەموو شێوە و میكانیزمێك گێچەڵ بە خەڵك و داودەزگای كوردستان دەكات، بەڵام حكوومەتی هەرێم ژیرانە و بەرپرسیارانە خۆی لە شەڕ دەپارێزێ.



وشە - رامیار جەواد