"بە سییەكان تێر ناخوات و هێرش دەكاتە سەر دڵ"

:: AM:11:41:21/08/2021 ‌
د. باخان ئازاد

لە سەرەتای دەركەوتنی كۆرۆنادا باوەڕ وابوو كە ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنیا دەبێتە لە كاركەوتنی سیستمی هەناسەدانی مرۆ ، بەڵام لە دوای چەند لێكۆڵینەوە و توێژینەوەیە كی زانستی، دەركەوتووە ڤایرۆسی كۆرۆنا هێرشێكی بكوژانە دەكاتە سەر دڵ و ماسولكەكانی دڵ.

لە ڕووی فیسیۆلۆجی و پێكهاتەی بایۆلۆجی، دڵ وەك ترومپایەك كار دەكات بە جۆرێك كە خوێنی پڕ لە دووانە ئۆكسیدی كاربۆن لە بۆڕییەكانی دڵەوە دێن بۆ سییەكان،  تاخوێنی پڕ لە ئۆكسجین بگەڕێننەوە بۆ دڵ و سەرجەم بەشەكانی تری جەستەی مرۆڤ، بەڵام كاتێ كەسێك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێ، لە ڕوونكردنەوەیەكی توێژەرانی سەنتەری زانستی تەندروستی لە زانكۆ و پەیمانگای تێكساس تایبەت بە نەخۆشییەكانی دڵ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دەركەوتووە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتە هۆكاری هەوكردنی دەمارەكانی خوێن و ماسولكەكانی دڵ، هەروەها تێكچوونی لێدانەكانی دڵ و كارەبای دڵ، ئەمەش دەبێتە هۆكاری تێكچوونی تەندروستی دڵ و تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و زۆربوونی ڕێژەی مردن لە كەسانی تووشبوو. چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاتێك هێرش دەكاتە سەر جەستەی مرۆڤ بەتایبەت دڵ و بۆڕییەكانی، ئەم شتانە ڕوو دەدەن:

١. بەرزبوونەوەی ڕێژەی مەیاندنی خوێن (d.dimer)
٢. بەرزبوونەوەی ڕێژەی فایبرینۆجین (fibrinogen)كە پێویستی بە بەكارهێنانی هیپارین و كلیكسانە بۆ ڕێگریكردن لە كڵۆتبوون و مەیاندنی خوێن (تا پێش بگیرێت بە جەڵتەی دڵ و مێشك).
٣. كەمبوونەوەی هیمۆگڵۆبینی خوێن و زیادبوونی(فێڕیتینی پلازما واتا ئاسنی ناو پلازمای خوێن).
٤. توندی و خراپی هەناسەدان و كەمی ڕێژەی ئۆكسجین لەناو خوێندا كە هیچ گونجاو نییە بۆ تەندروستی نەخۆشەكە .
٥. زۆربەی كات خڕۆكە سپییەكان نزم دەبێتەوە و ڕێژەی  CPR ئاماژەدانی هەوكردنی جەستەی مرۆڤ بەرز دەبێتەوە.

50%ی ئەوانەی دەخرێنە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، دەمرن بە ڤایرۆسەكە و ئەوەی گرنگە لە دوای مردن، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا وەك ئیتاڵیا و سویسرا، بەبێ پشتبەستن بە توێكاری كراوە كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئیتاڵیا بڵاو كراوەتەوە :

لە كۆی هەزار و 738 مردووی كۆرۆنا، 70%یان نەخۆشیی پەستانی خوێنیان هەبووە. ڕێژەی 28%یان نەخۆشیی دڵیان هەبووە و ڕێژەی 32%یشیان نەخۆشیی شەكرەیان هەبووە. هەروەها لە زانكۆی بازلی سویسری، دكتۆر ئەلیكسەندەر توێكاری بۆ ٢٠ لە مردووانی كۆرۆنا كردووە و لە ئەنجامدا دەركەوتووە، هەر ٢٠ كەیسەكە تووشبووی بەرزە پەستانی خوێن بوون، زۆربەشیان قەڵەو بوون. ڕێژەی یەك لەسەر سێیان نەخۆشیی دڵیان هەبووە، ڕێژەی یەك لەسەر سێی تریان نەخۆشیی شەكرەیان هەبووە.

كەواتە بەپێی ئەم توێژینەوانە بێ، تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەو كەسانەدا كوشندەیە كە نەخۆشیی دڵ یان نەخۆشییەكی تری درێژخایەنیان هەیە.





وشە - وشه‌