"ژمارەیەكی زۆری كادری حزبەكان پێوەندییان بە پارتی كردووە"

:: PM:03:08:23/08/2021 ‌
بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، لە سنوورەكەیان دوو كورسی بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری كراوە و دڵنیایە كە هەردوو كورسییەكە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یەكلا دەبێتەوە، هەروەها ژمارەیەكی زۆری كادری حزبەكانی تر، پێوەندییان بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و ئێستە سەرقاڵی تۆماركردن و ڕێكخستنەوەیانن.

دەشتی هەولێر شوێنی ڕكابەرایەتی سەرسەختی حزبەكانە بۆ هەڵبژاردنەكان، لقی 16ـی پارتی ئامادەكاری كردووە؟
ئێمە لە لقی 16ـی پارتیدا ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەوەیش بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە لەو سنوورەی ئێمە كە بازنەكە دوو كاندیدی تێدا دیاری كراوە، ئێمە دوو كاندیدمان هەیە و دڵنیاشین هەردوو كاندیدەكەمان دەگەنە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دەهێنن.

ئامادەكاری و بەرنامەكان چین؟
لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەیەكی باڵا دروست كراوە و لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش، لیژنەیەك بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان و دروست كراوە، لەسەر ئاستی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردنیش لیژنەیەك هەیە، بۆیە ئێمە لە بازنەی دەشتی هەولێر كە بەشێك لە لقی 23 و 24یش دەگرێتەوە، كارەكانمان دابەش كردووە.

ڕكابەری لە نێوان كاندیدەكانی پارتی دروست نابێت لە یەك بازنەدا كە دوو كاندیدی هەبێت؟
بۆ ئەوەی ڕكابەری نەبێت، ئێمە شوێنەكانمان لە نێوان كاندیدەكان دابەش كردووە، هەر كاندیدێك لە یەك ناوچەی جیۆگرافیی دیاریكراو بانگەشەی خۆی دەكات و كار لەسەر كۆمەڵێك دەنگدەر دەكات نەك پەرتەوازەیی هەبێت، بۆیە ئێستە كاندیدەكانمان بەو بەرنامەیەی هەیە دەستیان كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن.

سنووری دەشتی هەولێر شوێنی كێبەركێی لایەنە سیاسییەكانە، ئێوە قەبارەی خۆتان چۆن دەبینن؟
 لەو سنوورەدا دوو كورسی دانراوە، بۆیە ئێمە دڵنیاین هەردوو كورسییەكەی هەڵبژاردن دەبەین، دامانناوە بەشێوەیەكی گشتی لە سنووری هەولێر، پارتی كورسیی زیاتریشی هەبێت بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێستە كادری پارتی زیاتر بووە.

دڵنیایی ئێوە چییە كە دەنگتان زیاد دەبێت؟
پارتی لە كاری حوكمڕانی لەو ماوەیەدا كاری زۆرباشی كردووە، هەموومان دەزانین چەندان تەنگژەی گەورە ڕووی لە ناوچەكە كردووە، بەڵام پارتی كاری خۆی كردووە، بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە و سەركەوتووش بووە، خۆمان بینیمان لە ماوەی ڕابردوو چەندان حزبی سیاسی هاتنە گۆڕەپانەكە و خۆیان نمایش كرد، بەڵام دەرئەنجامەكەیان پووكانەوە بوو و نەیانتوانی بەرپرسیاریەتی وەربگرن و شان بدەنەبەر ئاستەنگەكان، بۆیە دەڵێین دەنگمان زیاد دەكات و لەسەر ئاستی كوردستانیش حزبی یەكەم دەمێنین.

پارتی ناوەندی توێژینەوەی هەیە، ئەمە تاوتوێ كراوە؟
لەڕێی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاری زۆر بۆ ئەو بابەتە كراوە، بۆیە پێویستە ئەوە بزانرێ لەهەر شوێنێك كە ئاستی جەماوەریی پارتی هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە، ئەوەمان لەبەرچاو گرتووە بزانین ئەو شوێنە توانای دەرچوونی چەند كاندیدی هەیە، ئەوەندە كاندیدەمان دیاری كردووە تا دەنگمان بەفیڕۆ نەڕوات و كاندیدەكانیشمان نەبنە ڕكابەری یەكتر.

پێتان وایە لە چ پارێزگایەك ئێوە ڕكابەر و دەنگی یەكەمن؟
بەپێی ئەو بەرنامەیەی لە سەركردایەتی و دەزگای هەڵبژاردن دانراوە و ئێمە كاری بۆ دەكەین، پێشبینی دەكرێ پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك و مووسڵ، دۆخی زۆر لە جاران باشتر دەبێت و دەنگی زیاتر دەبێت.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە چاكسازیی كردووە، ئایا كاریگەریی لەسەر جەماوەر و پێگەی پارتی دروست كردووە؟
كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە دۆخێكی زۆری دژواری كوردستان دەستی بەكار كرد، ئەركی زۆر قورس بوو، بەڵام لەڕووی خزمەتگوزاری و چاكسازی هەنگاوی زۆرباشی ناوە. پێمان وایە ساڵێكی تر دەرئەنجامەكان زۆر زیاتر بەدیار بكەون و خەڵك خۆیان بەرهەمەكە دەبینن.

باس لە پێوەندیكردنی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و كادری حزبەكانی تر دەكرێت بە پارتی، ئەمە چەند ڕاستە؟
حزبی دایك دەرگای بۆ سەرجەم كادر و لایەنگری حزبەكانی تر كراوەیە، بەڵام ئێمە پێویستە لە وەرگرتنی كادر و لایەنگری تر تۆزێك ورد بین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ژمارەیەكی زۆر كادری چەند حزبێك پێوەندییان پێوە كردووین، ئێستە سەرقاڵی ڕێكخستنەوەیانین و ژمارەیەكی زۆری تریش هەیە خۆمان بڵاومان نەكردووەتەوە، چونكە خۆیان جارێ‌ وایان پێ‌ باش بووە، بۆ ئەوەیش كاریان لەسەر دەكەین تا بەشێوەیەكی ڕێكخراوەیی، دابەشی سەر سنوورەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێن لە كاروباری حزب.



وشە - رامیار جەواد