شه‌فیقی حاجی خدر /49 ساڵ/ له گوندی گرتك، له دۆڵی ڕوستێی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی له دایك بووه. ده‌رچووی كۆلێژی یاسایه له زانكۆی به‌غدا، له (١٩٩٧)ه‌وه ئاواره‌ی ئه‌وروپا بووه، جگه له زوانی كوردی، زوانه‌كانی (عه‌ره‌بی، هۆڵه‌ندی، ئینگلیزی) ده‌زانێت، له ساڵی (١٩٨٦)ه‌وه ده‌نووسێت، كتێبی (نهێنییه‌كانی مۆساد، مادلین ئۆلبرایت، داود بنگۆریۆن، دۆزه‌خ و یاخیبوون) و چه‌ندان كتێبی تری وه‌رگێڕاوه، له‌گه‌ڵ ده‌یان وتار و كۆڵینه‌وه‌ی یاسایی و ڕامیاری وه‌شان كردووه.
شه‌فیق رای ده‌گه‌یه‌نێ كه پێویسته وه‌رگێڕان بكرێت به پیشه و ده‌زگه‌یه‌كی نیشتمانیی شانی بداته به‌ر وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی بواره‌كانی رۆشنبیری و زانستی له وه‌رگێڕاندا رێك بخاته‌وه. هاوكات ره‌تی ده‌كاته‌وه كه وه‌رگێڕ ته‌نیا بۆ ناو كار بكات و به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بێ چ به‌رهه‌مێك ده‌دات به‌ده‌ست خوێنه‌وه‌ره‌وه. ئه‌و له‌م دیمانه‌ی "وشه"دا له‌باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه ده‌دوێ.
وه‌رگێڕان له زوانی سێیه‌م و چواره‌مه‌وه دووركه‌وتنه‌وه نییه له مه‌به‌ستی بنووس و ده‌ق تاموچێژی خۆی له ده‌ست نادات؟
له ڕاستیدا هه‌ر وه‌رگێڕانێك بێ، خۆی له ناچارییه‌وه‌یه، له‌وه‌وه سه‌رهه‌ڵ ده‌دا كه كه‌سی خوێنه‌ر ئاشنا نییه به زمانی كه‌سی نووسه‌ر یان دوانده‌ر، بۆیه پێویستی به نێوانێك هه‌یه، ئه‌م نێوانه‌ش وه‌رگێڕه، ئه‌وسا چ وه‌رگێڕ به نووسین بێ یان به قسه بێ. هه‌ڵبه‌ته له‌یه‌كجیایی زمانه‌كانیش وای كردووه وه‌رگێڕ هه‌بێ. شتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گریشه دوو كه‌س دوو به‌دوو باشتر له‌یه‌ك ده‌گه‌ن له‌وه‌ی كه‌سێكیان له‌نێواندا بێ، بۆیه وه‌رگێڕان له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ندێ شت له ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌مه‌كه له ده‌ست ده‌دا، ئه‌گه‌ر ئه‌مه پرسێك بێ به وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆ، یان وه‌رگێڕان له زمانی یه‌كه‌م و ده‌ستی یه‌كه‌م، ئه‌وا بێگومان دوورییه‌كه، مه‌ودایه‌كه، ئاڵۆزییه‌كه، یان ته‌مومژاوییه‌كه له زمانی دووه‌م زیاتر ده‌بێ، چ جای زمانی سێیه‌م.
وا باشتره وه‌رگێڕان له زمانی یه‌كه‌مه‌وه بێ، ئه‌گه‌ر ناچاری و پێویستی نه‌بێ، ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان بۆ زمانی دووه‌م نه‌برێت. چونكه له‌وانه‌یه وه‌رگێڕی یه‌كه‌م به ده‌ستپاكییه‌وه شته‌كه‌یان وه‌رنه‌گێڕابێ، ئیتر كاتێ وه‌رگێڕێكی زمانی دووه‌م دێ كاره‌كه ده‌كات، له‌وانه‌یه باشیش بیكات، مه‌به‌سته‌كه‌ی به‌رچاویشی بپێكێ، به‌ڵام ئه‌وسا خه‌تا ده‌كه‌وێته سه‌ر وه‌رگێڕانی یه‌كه‌م. ئێمه‌ش كه له زمانه دووه‌مه‌كان به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی، فارسی و توركی وه‌رده‌گێڕین، جاری وا هه‌یه ئه‌م وه‌رگێڕانه ده‌ستپاك نین، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی هه‌ندێ پرسی ورووژاوی ئاینی و مێژوویی. ئیتر هه‌قه تا بكرێ خۆمانی لێ بپارێزین.
گرنگی شاره‌زابوون و زانینی له زوانێك زیاتر، بۆ وه‌رگێڕ چییه؟
هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر یه‌كێك ئاشنای هه‌ردوو زمانه‌كه (لێوه‌رگێڕدراو و بۆ وه‌رگێڕدراو) نه‌بێ، ناتوانێ ببێته وه‌رگێڕ، یان به‌لای كه‌مییه‌وه ببێته وه‌رگێڕێكی باش. ئاشكرایه وه‌رگێڕه‌كه چه‌ند زمان بزانێ ئه‌وه‌نده دنیای كولتووری به‌سه‌ردا ده‌كرێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر له هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی ده‌یزانێ وه‌ریش نه‌گێڕێ، به‌ڵام ئه‌زموونێكی دنیابینی باشی ده‌داتێ، له شێواز و هونه‌ری نووسین شاره‌زا ده‌بێ، ده‌كرێ ئه‌مه‌ش هه‌مووی به قازانجی وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ئه‌ودا بشكێته‌وه.
هه‌ست ناكه‌ی وه‌رگێڕان ڕووی له زۆری و بۆری كردووه له كوردستاندا؟
نازانم ڕه‌نگه من ئه‌و وه‌سفه‌ی تۆ به‌كار نه‌هێنم، به‌ڵام ڕاست ده‌كه‌ی وه‌رگێڕان زۆر بووه، هه‌ڵبه‌ته كه زۆریش بێ، بۆریشی تێده‌كه‌وێ. ئه‌مه خه‌تای یه‌كه‌می ئه‌م دیارده‌یه (ئه‌گه‌ر بتوانین به دیارده ناوی ببه‌ین) بۆ ڕۆشنبیرانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاری وه‌رگێڕان نییه. بۆ نموونه كاتێك من كتێبێك وه‌رده‌گێڕم، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گر به ئه‌رگومێنته‌وه لێم بێته ده‌نگ، ئه‌وا من ناتوانم درێژه به وه‌رگێڕانه سه‌قه‌ته‌كه بده‌م، یان ده‌بێ خۆم زیاتر ماندوو بكه‌م، یان ده‌بێ واز بێنم. هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه ڕایه‌كی تریش هه‌بێ بگوترێ، لێگه‌ڕێ با وه‌رگێڕانه‌كان به‌و زۆرییه بمێننه‌وه، چونكه له كۆتادا باشه‌كان ده‌مێننه‌وه و خراپه‌كانیش ده‌پووكێنه‌وه، به‌ڵام تا ئه‌وكاته دێ، هه‌ر خوێنه‌ر باجه‌كه‌ی ده‌دا. ئیتر من وه‌ك كه‌سێك كه چه‌ند هه‌وڵێكم له بواری وه‌رگێڕان داوه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر ده‌دوێم، حوكمدانه‌كه با بۆ خوێنه‌ر به‌جێ بمێنێ.
ڕۆڵی وه‌رگێڕان چی بووه له ناساندن و ئاشناكردنی كولتوور و بیره جیاوازه‌كان له دوای ڕاپه‌ڕین له كوردستاندا؟
به‌رسڤی ئه‌م پرسه زۆر ده‌كێشی، چونكه پێویست به گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژووی ده‌كات، پێویست به نموونه هێنانه‌وه ده‌كات، كه ڕه‌نگه من ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م نه‌بێ، به‌ڵام وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌ڵێم، بێگومان ڕۆڵی زۆر بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌رگێڕان لای ئێمه له بازنه‌یه‌كی تار ئاستێك ته‌سكی هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌ری تاكه‌كه‌سی ده‌رنه‌چووه، بۆیه كاریگه‌رییه‌كه‌ی وه‌ك ڕه‌چاو ده‌كرا، وا نه‌هاتووه‌ته‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، ده‌زگه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندن، ڕۆشنبیریی و زانستی وامان نه‌بووه و (به‌داخه‌وه) تا ئێسته‌ش نییه، كه به مه‌به‌ست، به نه‌خشه شاكاره‌كان له هه‌موو بواره جیاجیاكانی ڕۆشنبیری و زانستییدا وه‌ربگێڕێ. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌بووه و هه‌یه پتر سه‌لیقه‌ی وه‌رگێڕه، ئه‌ویش كاتێ له كاره‌كه‌ی ده‌بێته‌وه، ده‌زگه‌یه‌ك خۆی لێداوێته سه‌ر پشت و ماندوبوونه‌كه‌ی زۆر به‌كه‌م لێ وه‌رده‌گرێ. ئیتر به‌م جۆره وه‌رگێڕان له‌لای خۆمان هی ئه‌وه نییه كه ئێره‌یی پێ ببرێ.
هێندێك له خوێنه‌ران پێیان وایه وه‌رگێڕی كورد، خوێنه‌ری كورد به گه‌لۆر ده‌زانن، چونكه له‌لایان گرنگ نییه چی وه‌رده‌گێڕن، گرنگ ئه‌وه‌یه ناویان بچێته سه‌ر به‌رگی كتێب و كه‌مه داهاتێك له وه‌شانخانه‌كان وه‌رگرن، تۆ چی ده‌ڵێ؟
نازانم ئه‌و ڕوانینه له كوێوه سه‌ری هه‌ڵداوه، پێم وا نییه وه‌رگێڕ هه‌ر بۆ ناو كاری وا بكا، ئه‌گه‌ر هه‌شبێ وا بكات، ئه‌وا بێگومان كارێكی نه‌شیاو و قێزه‌ونه. به‌ڵام من به‌شبه‌حاڵی خۆم هه‌ر كتێبێك، هه‌ر نووسینێك ئه‌گه‌ر پێشتر نه‌مخوێندبێته‌وه و پێیه‌وه كارانگاز نه‌بووبم، وه‌رم نه‌گێڕاوه. لای من وه‌رگێڕان قۆناغێك له دوای خوێندنه‌وه دێ. واته من كتێبێك به نیازی وه‌رگێڕان ناخوێنمه‌وه، به‌ڵكو من بۆ خۆم، بۆ زه‌وقی خۆم، بۆ په‌یداكردنی زانیاری زیاتر ده‌یخوێنمه‌وه، دواتر ئه‌گه‌ر پێم گرنگ و باش بوو، نیه‌تی وه‌رگێڕانی لێ دێنم. له ڕاستیشدا من كاتێك شتێك وه‌رده‌گێڕم بۆ خۆمی وه‌رده‌گێڕم، نه به ئه‌رك و نه به منه‌تیشی ده‌زانم. چونكه ئه‌گه‌ر كارێك بووه ئه‌رك به‌سه‌ر شانته‌وه، ئه‌وا لێكه‌وته‌ی تری به‌دواوه دێ، كارێكیش به منه‌ت بوو، به‌هه‌مان شێوه به‌ره‌نجامی تری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
زوانزانین مه‌رجه بۆ وه‌رگێڕان، یان ئایا ئه‌وه‌ی زوانێك بزانێت، ده‌توانێت ده‌ست بداته وه‌رگێڕان؟
تا ئاستێك وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له شوێنێكی تر درایه‌وه، به‌ڵام هه‌ر به كورتی مه‌رجه وه‌رگێڕ زمان بزانێ، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی مه‌رج نییه، واته مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی له زمانێك یان زیاتر ده‌زانێ ببێته وه‌رگێڕ.
پێت وایه بۆ به‌ره‌وپێشچوونی وه‌رگێڕان له كوردستاندا، چی بكرێت؟
شێلانی هه‌وریری ئه‌م پرسیاره‌ش ئاوی زۆری ده‌وێ. به‌كورتی:
یه‌كه‌م: ده‌رچوونی وه‌رگێڕان له بازنه‌ی سه‌لیقه و ده‌ستپێشخه‌ری تاكه‌كه‌س، واته ده‌زگه‌یه‌كی باوه‌ڕ پێكراوی ڕۆشنبیری و زانستی به پشتیوانی دارایی و واتایی شانی بداته به‌ر، وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی بزانێ بۆ ئه‌وه‌ی شاكاره جیهانییه‌كانی بواره جیاجیاكانی ڕۆشنبیری، هونه‌ری و زانستی وه‌ربگێڕێ.
دووه‌م: هه‌بوونی كتێب و گۆڤاری تایبه‌ت به ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن.
سێیه‌م: هه‌بوونی خه‌ڵاتی تایبه‌ت به وه‌رگێڕان، له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌رك و ماندووبوونی وه‌رگێڕ.
چواره‌م: وه‌رگێڕان ببێته پیشه به شێوه‌یه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی به‌و پیشه‌وه خه‌ریك ده‌كات، پێی بژیێ.
وشه/ هه‌ولێر- ژیڤان خۆرانی