پەكەكە لە یەك مانگدا سەرووی 120 كیلۆ تی ئێن تی بۆ پێشمەرگە داناوە

:: AM:09:55:25/08/2021 ‌
تەنیا لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگدا لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، چەكدارانی پەكەكە بە دانانی تی ئێن تی هەوڵیان داوە پێشمەرگە بە ئامانج بگرن، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە توانراوە پووچەڵ بكرێنەوە، ئەگەرچی یەكێك لەو تی ئێن تییانەی دانرابوو، تەقییەوە و دوو پێشمەرگەی بریندار كرد.

بەپێی زانیارییەكان لەو ماوەیەدا زیاتر لە 120 كیلۆ تی ئێن تی پەكەكە لەلایەن پێشمەرگەوە لە سنووری ئامێدی و زینی وەرتێ پووچەڵ كراوەتەوە، سەرەتا 65  كیلۆ تی ئێن تی لە پێنجی ئەم مانگە پووچەڵ كرایەوە، دواتر نزیكەی 20 كیلۆ تی ئێن تی و لە زینی وەرتێش جلیكانەیەكی 25 لیتری تی ئێن تی دانرابوو، هەروەها لە بەرچێی ئامێدیش 40 كیلۆ تی ئێن تی پووچەڵ كرایەوە.

پەكەكە ئەو هەموو چەك و تەقەمەنییەی كە هەیەتی، با بڕوات بەرانبەر بە توركیا و سوپای توركیا بەكاری بهێنێت


ئازاد ئەكرەم سەرۆكی لیستی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە ئەو هەموو چەك و تەقەمەنییەی كە هەیەتی، با بڕوات بەرانبەر بە توركیا و سوپای توركیا بەكاری بهێنێت، نەك لەسەر پێشمەرگەی تاقی بكاتەوە، چونكە ئەوەی لەسەر پەكەكەیە شەڕ لەگەڵ توركیا بكات نەك پێشمەرگە، خێرە ئەو هەموو تی ئێن تییە بۆ پێشمەرگە دادەنێت، ئەی ئەوان لوولەی چەكەكانیان بەرەو توركیا نەبوو؟.

هەروەها گوتی، هیچ كەسێك نییە بزانێ ئامانجی پەكەكە چییە، پەكەكە شتێكی نەكردووە تا بەهۆیەوە هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و دیپلۆماسی پێشكەوتبێ، دەبێ سوود و قازانجی چی بێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لە هەمان كاتدا هەرێمی كوردستان زیانی زۆری بەركەوتووە بەهۆی پەكەكە و كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر پەكەكە نەبێت توركیا چ كارێكی بە هەرێمی كوردستان هەیە.

ئەو گوتی، پەكەكە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، ئەو خاكەی كە پێشمەرگە پاراستوویەتی و رووبارێك خوێنی لەپێناویدا داوە، بەڵام پەكەكە هاتووە سەرەڕای نایاساییبوونی لە هەرێم، مین و تی ئێن تی بۆ پێشمەرگە دادەنێت و لەو لاوە دەڵێت شەڕی پێشمەرگە و كورد ناكەین.

ئەو قەوارەیە بووەتە چەترێك بۆ هەموو لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان
 

بەختیار كەریم گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان خاوەن پێگە و قەوارەی خۆیەتی و ئەو قەوارەیە بووەتە چەترێك بۆ هەموو لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان، ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە، ئەو دۆخە نەخوازراوە بەهۆی پەكەكەوە رووبەڕووی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و پێشمەرگەشی گرتووەتەوە.

هەروەها گوتی، پەكەكە دۆخێكی خراپی دروست كردووە بە هێرشكردنە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دانانی بۆمب و تی ئێن تی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەمەبەستی ئامانجگرتنی پێشمەرگە، هەروەها هێرشكردنە سەر كەسانی سڤیل، هەروەها كۆمەڵێك هۆكاری تر كە پەكەكە گرتوویەتیە بەر كە بووەتە هۆی تێكچوونی نائارامی لە ناوچەكە.

زیاتر گوتی، پێشمەرگە بە باشی مامەڵەی كردووە و تا ئێستە بەرانبەر بە پەكەكە هیچ وەڵامێكی نەبووە، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستە پەكەكە بەردەوام بێت، رەنگە لە داهاتوودا پێشمەرگەش وەڵام و هەڵوێستی هەبێت، ئەمەش سەرئەنجام سەر دەكێشێت بۆ دۆخێكی نەخوازراو و رێخۆشكەریش دەبێت بۆ دوژمنان.

پەكەكە ئەو چەك و تەقەمەنییەی كە هەیەتی لە بەرانبەری هێزی توركیا بەكاری ناهێنێت كە بە گوتەی خۆی شەڕی توركیا دەكات، هاتووە لەسەر هێزی پێشمەرگە بەكاری دەهێنێت و تاقی دەكاتەوە و دەشڵێت شەڕی كورد و پێشمەرگە ناكەین، لە كاتێكدا لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی تەقینەوەی تی ئێن تی پەكەكە، دوو پێشمەرگە بریندار بوون.

محەمەد وەتمان ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی پەكەكە دەیكات لە دانانی بۆمب و تی ئێن تی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كارێكی خراپە، چونكە سەرئەنجامی هەر ناكۆكییەك كە روو دەدات، زیان بە هەموو هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان دەگەیەنێت.

كارێكی خراپە و لە بەرژەوەندیی دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە نییە.


ئەو گوتی، هەر لایەنێك هەوڵی ئاژاوەگێڕی بدات، كارێكی خراپە و لە بەرژەوەندیی دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە نییە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندان جار بەهۆی ئەو تی ئێن تییانەی كە پەكەكە لەو سنوورانە دایناوە، تەقیونەتەوە بە هاووڵاتییان و بریندار و قوربانی لێ كەوتووەتەوە، بەتایبەت لە سنووری سیدەكان و ئامێدی.

وشە/ سلێمانی


وشە - وشه‌