چی دەبێت ئەگەر لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسیندا كۆرۆنات هەبێت؟

:: PM:10:03:28/08/2021 ‌

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارە و رۆژانە هەزاران تووشبوو و گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە هەیە، بەڵام بەردەستبوونی ڤاكسین ژمارەی قوربانیانی تا ئاستێكی زۆر كەم كردووەتەوە، لە حاڵەتی وەرگرتنی ڤاكسین وا باشترە كۆرۆنات نەبێت، بەڵام ئەگەر هەتبێت چی روودەدات؟

پرۆفیسۆر ئەنچا پارانۆڤا، شارەزا لە زانكۆی "جۆرج میسوون"، باس لە چۆنیەتی كاركردنی ڤاكسین دەكات لەسەر كەسانی چاكبووەوە و ئەوانەیش كۆرۆنایان هەیە، كە وەك هەر ڤاكسینێكی تر، ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بە كەسێك نادرێت نەخۆش بێت یان دۆخی تەندروستی خراپ بێت، بەڵام رەنگە هەندێكجار نیشانەكانی نەخۆشی بەسەر ئەو كەسە دەرنەكەوێت، بۆیە وەك كەسێكی تەندروست خۆی دەكوتێت. یان كەسێك چاك بووەتەوە خۆی دەكوتێت.
نیشانەی تووشبوون راستەوخۆ دەرناكەوێت و كەسی تووشبوو ئەگەر نیشانەی هەبێت وا دەزانێت بەهۆی ڤاكسینەوەیە
زیاتر گوتی، لە حاڵەتی كەسێك كە لە كۆرۆنا چاك بووبێتەوە، لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسین قەلغانێكی زێڕینی بۆ دروست دەبێت، واتە ئەوپەڕی بەرگری درێژخایەن دژ بە كۆرۆنا، هەرچی كەسی تووشبووە، وەك ئەوەی ڤاكسنی وەرنەگرتبێت نەخۆشییەكەی بەردەوام دەبێت، چونكە ئەو ڤاكسینە بەخێرایی كار ناكات، ئەوەی هەیە توندی نەخۆشییەكە دەكەوێتە سەر ئەو بەرگریەی خۆی هەیەتی.

ئەو شارەزایە رێنوێنی دەدات بەوەی نیشانەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا راستەوخۆ دەرناكەوێت، بۆیە كەسی تووشبوو ئەگەر نیشانەی هەبێت وا دەزانێت بەهۆی ڤاكسینەوەیە، راستییەكەی ئەوە هی تووشبوونەكەیەتی، لەو حاڵەتەیش پێویستە چارەسەری وەربگرێت.

ئەو شارەزایە پێی وایە بۆ دڵنابوونەوە لە هۆكاری نیشانەكانی كە ڤاكسینە یان ڤایرۆسەكە، دەبێ پشكنینی كارلێكی بەدوایەكداهاتووی پۆلیمیارزی بكات، ئەگەر ئەنجامەكەی ئەرێنی بوو، هۆكاری نیشانەكانی ڤاكسین نییە، بەڵكو تووشبوونە بە كۆرۆنا، بۆیە باشترە ئەوانەی هەست بە نیشانە دەكەن یان گومانیان هەیە، بەر لە وەرزگرتنی ڤاكسین ئەو پشكنینیە ئەنجام بدەن، بۆ دڵنیابوونەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل