لە كەركووك داعش هێرشى كرد

:: AM:09:10:02/09/2021 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش، هێرشیان كردە سەر گوندێكی سەربە كەركووك و سەربازێكیان كوشت و هاووڵاتییەكیشیان رفاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش، هێرشیان كردە سەر گوندی شەحەلی لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان.

چەندان هاووڵاتیش بریندار بوون
لە زانیارییەكاندا هاتووە، بۆ یەكەم جارە داعش بەو ژمارە زۆرە پەلاماری شوێنێك بدەن كە ژمارەیان لە سەرووی 30 داعش بووە، گەمارۆی سوپای عێراق و گوندەكەیان داوە و دوای شەڕێكی زۆر و یارمەتیدانی خەڵكی گوندەكە بۆ هێزە عێراقییەكان، چەكدارەكانی داعش كشاونەتەوە.

باس لەوەش كراوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەربازێكی فیرقەی 14ی سوپای عێراق كوژرا و هاووڵاتییەكی گوندەكەش رفێنرا، چەندان هاووڵاتیش بریندار بوون، هاوكات سێ بۆمبی چێنراو لە نزیك گوندەكە تەقینەوە و ئێستە دۆخەكە ئارام بووەتەوە.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو چەكدارانە لە نێوان گوندی شەحلی و گوندەكانی تر بازگەشیان دانابوو، ڕێیان لە هاتنی هاوكاریی سەربازی گرتووە بۆ گوندەكە، چەندان بۆمبیشیان تەقاندووەتەوە و ئێستەیش گومانی بوونی چەند بۆمبێكی تر دەكرێت.

جووڵەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان بەردەوامی هەیە و تا ئێستە سوپای عێراق نەیتوانیوە ئەو دۆخە كۆنترۆڵ بكات و چەندان هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.



وشە - رامیار جەواد