رۆژنامه‌ی دێرشپیگڵی ئه‌ڵمانی ئاشكرای كرد، سه‌رۆكی سێ یانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا، كار له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی "سوپه‌رلیگ" ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م دووی ئه‌یلول ئاشكرای كردووه، سه‌رۆكی هه‌رسێ یانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا "ریال مه‌درید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس" ئێسته خه‌ریكی كاركردنن له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی "سوپه‌رلیگ" بۆ ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه رێك بخه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، سه‌رۆكی ئه‌م یانانه به سه‌ركردایه‌تی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید، ئێسته له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی پێوه‌ندیی گشتی و بره‌وپێدانی بازرگانی له له‌نده‌ن كار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه زیندوو بكه‌نه‌وه.
دێرشپیگل راپۆرتێكی دوورودرێژی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، خاوه‌ندارانی پرۆژه‌ی سوپه‌رلیگ ده‌یانه‌وێت ئه‌مجاره پرۆژه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن و رووبه‌ڕووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا بوه‌ستنه‌وه.
هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی كردووه، ده‌سته‌ی سوپه‌رلیگ هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌سانی سیاسی و بازرگان و پسپۆڕانی بواری یاسایی له پرۆژه‌كه‌دا به‌شداریی پێ بكه‌ن.
رۆژنامه ئه‌ڵمانییه‌كه باسی ئه‌وه‌شی كردووه، پسپۆڕانی یاسایی ئامۆژگاریی ده‌سته‌ی سوپه‌رلیگیان كردووه، كه ئه‌مجاره په‌له نه‌كه‌ن و به وردی و به شێوه‌یه‌كی یاسایی كاره‌كانیان بكه‌ن.
پرۆژه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی نوێی تۆپی پێ به ناوی سوپه‌رلیگ، له ناوه‌ڕاستی نیسانی رابردوو راگه‌یاندرا، كه یانه‌كانی ریال مه‌درید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس خاوه‌ندارییه‌تیی پرۆژه‌كه‌یان ده‌كرد، هه‌روه‌ها به گشتی 12 یانه به‌شداریی پرۆژه‌كه‌یان كرد، كه وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بوو بۆ خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا "چامپیۆنزلیگ" به‌ڵام دواتر به فشاری حكوومه‌ته‌كانی ئه‌وروپا، به تایبه‌تی به‌ریتانیا، هه‌روه‌ها به فشاری فیفا و فیدراسیۆنی ئه‌وروپا، پرۆژه‌كه راگیرا و ئێسته هه‌ڵپه‌سێردراوه.
به‌شێك له‌و یانانه پێیان وایه فیدراسیۆنی ئه‌وروپا مافی ئه‌وان نادات، بۆیه ده‌یانه‌وێت خولێك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش بانكێكی ئه‌مریكا پشتگریی كردن، به‌ڵام دواتر كاره‌كه نه‌هاته‌دی.
یانه‌كانی وه‌ك بارسێلۆنا، ریال مه‌درید و یوڤی و چه‌ند یانه‌یه‌كی تر، به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و كه‌میی داهات، ئێسته كه‌وتوونه‌ته ژێرباری قه‌رزێكی زۆر و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ئه‌م یانانه‌وه هه‌بووه، كه چه‌ندان یاریزانی گرنگیان له ده‌ست دا، بۆیه پلانی ئه‌وه‌یان هه‌یه له رێگه‌ی سوپه‌رلیگه‌وه داهاتێكی باشتریان ده‌ستكه‌وێت و له قه‌رزه‌كان رزگاریان ببێت.