بڕیارێكی گرنگ لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:01:34:05/09/2021 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕای دەگەیەنێت، بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت و ڕاسپاردەی ئەو، بڕیار دراوە سەرجەم سیمكارتی موبایلەكان لە بازاڕەكان ڕێك بخرێنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی ئەیلوول، دیلان ڕەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەژێر رۆشنایی بڕیار و راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، بریاری راگرتنی سیمكارتی بێ فۆڕم درا.

زیاتر گوتی، ئێستە بە نووسراوێك وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راسپێراون بۆ وەرگرتنی رێككاری پێویست بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بەو جۆرە سیمكارتانە كە هیچ سەرەتایەكیان نییە، بەجۆرێك لەمەودوا تەواوی زانیاریی بەكارهێنەر و كڕیار دیار دەبێت، بەمەش بەمەبەستی رێگرتن لە تەشەنەكردنی دیاردەكە هەنگاوەكان دەست پێ دەكرێن بۆ بەیاساكردنی مامەڵەی هێڵەكانی پێوەندی لە هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەش كرد، لیژنەكانی راسپێراو لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، كارەكان چڕتر دەكەینەوە بە هاوئاهەنگی تەواوی كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن بەپێی یاسا و رێنوێنییەكان، رێگریی دەكەین لە مامەڵەكردن و بەكارهێنانی سیم كارتی بێ فۆڕم و ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەكی یاسایی بە تەواوەتی رێك دەخری لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.

بوونی سیمكارتی بێ‌ ناسنامە ماوەی 15 ساڵە كێشەیەكە لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئێستە كۆتاهێنان بەو دیاردەیە دەستی پێ‌ كردووە، ئەوەیش بۆ نەهێشتنی ئەو تاوان و سەرپێچییانەی بەو سیمكارتانە دەكرێ‌.



وشە - رامیار جەواد