دوای هەڕەشەكانی چەند رۆژی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ هێرشكردنە سەر بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە خاكی هەرێمی كوردستان، پێنجوێنییەكان دڵنیان هێرشەكە بنكەكانی پژاك لە سنوورەكەیان ناگرێتەوە، چونكە پارێزگاری لە ئێران دەكەن.
هیشام عەلی پسپۆڕی بواری سیاسی لە پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەك بنكە و بارەگای هێزە كوردییەكانی پارچەكانی تری كوردستان، بەتایبەتیش پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە سنووری پێنجوێن هەیە و دانیشتووانی ناوچەكە دەزانن و تێدەگەن كاری ئەوانە چییە.
كەمترین كات بینیویانە یان بیستوویانە ئەوان لە قووڵایی خاكی ئێراندا چالاكییان هەبێت
ئەو گوتی، یەكێك لەو پارتە كوردییانە، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك"ە كە وەك خۆیان بانگەشەیان بۆ كردووە، لقێكی پەكەكەن لە خاكی باشووری كوردستان و لە پێڕەوی سیاسییاندا بەم شێوەیە هاتووە، "پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، حزبێكی سیاسیی چەپگەرایی ئاپۆییستە كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا چالاكی دەكات. ئەم حزبە خاوەنی باڵێكی چەكدارە كە یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "یەرەكە" ناو نراوەتەوە و لە بنكە سەرەكییەكەی لە باكوری عێراق "باشووری كوردستان" دژ بە كۆماری ئیسلامیی ئێران خەباتی چەكدارانە دەكات."
روونیشی كردەوە، بەپێی چالاكییەكانی پژاك وا دەردەكەوێت دژی ئێرانن، بەڵام كەمترین كات بینیویانە یان بیستوویانە ئەوان لە قووڵایی خاكی ئێراندا چالاكییان هەبێت، بۆیە پێیان وا نییە ئەوان بەو شێوەیە دژی ئەو وڵاتە بن، چونكە لە زۆر شوێنی سنوورەكەیاندا، راستەوخۆ بنكەیان بەرانبەر بنكە ئێرانییەكان هەیە، لەكاتێكدا ئەگەر دوو كەس یان دوو لایەن دوژمنی یەكتر بن، ناكرێ بێ كاردانەوە و شەڕ بوەستن و تەنیا تەماشای یەكتر بكەن.
ئەو پسپۆڕە سیاسییە دووپاتی كردەوە لە دوای هەڕەشەكانی ئێران، پێ ناچێت هیچ شتێك بەرانبەر بە پژاك لە سنووری پێنجوێن بكرێت، بەهۆی ئەوەی ئێستە لەناو هاووڵاتییانی ناوچەكەیاندا قسەیەكی باو هەیە كە دەڵێن، پژاك بەرگری لە سنوورەكانی ئێران دەكات، تەنانەت لەو شوێنانەی بنكەیان هەیە، زۆرجار كە كۆڵبەرێك یان بازرگانێك بیەوێت بە ئاراستەی خاكی ئێران بچێت، پژاك زۆر بەوردی پرسیار و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەن.
دەركەتووە ئەوان بەپیلانی ناوخۆیی پژاك كوژراون
بەپێی زانیارییەكانی"وشە" كە لە چەند سەرچاوەیەكی تەناهییەوە وەریگرتوون، لە ساڵانی رابردوودا چەند كەسێك كە سەركردەی پژاك لە سنووری پێنجوێن بوون، كوژران، سەرەتا وا بڵاو كرایەوە كە لەلایەن ئێران تیرۆر كراون، بەڵام دواتر دەركەتووە ئەوان بەپیلانی ناوخۆیی پژاك كوژراون، ئەمەش بۆ شاردنەوەی راستییەكانی پشت پێوەندییە ناڕاستەوخۆكانی پژاك و ئێران بوون.
"وشە" لەبارەی هەڕەشەی سوپای پاسداران و مەترسییەكانی بۆ سنووری پێنجوێن، ویستی بۆچوونی لایەنە فەرمی و پێوەندیدارەكان و بەرپرسانی پژاك وەربگرێت، بەڵام پێوەندییەكان بەردەست نەبوون و كەس ئامادەی لێدوان نەبوو.
شارۆكەی پێنجوێن یەكێكە لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان، دەكەوێتە دووریی 96 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و بنكە و بارەگای ژمارەیەك پارتی پارچەكانی تری كوردستانی لێیە و بەردەوام مایەی نیگەرانی هاووڵاتییانن
وشە/ تایبەت