ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە مەرجێكی بەسەر ئێراندا سەپاند

:: AM:11:35:13/09/2021 ‌
دوای سەردانكردنی سكرتێری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ ئێران، باس لە چارەسەركردنی یەكێك لە گرنگترین كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان ئاژانسەكە و ئێران دەكرێت، لەمەودوا ئاژانسەكە دەتوانێ چاودێری بنكە ناوكییەكان بكات.

رافائیل گرووسی سكرتێری گشتی ئاژانسەكە گوتوویەتی، ئەو كێشەیەی چارەسەریان كردووە، گرنگترین كێشە بوو كە كاریگەریی خراپی لەسەر دانوستانە ناوكییەكان هەبوو، هەرچەندە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئێران بۆ هەمیشە نییە و تەنیا رێی خۆش كردووە بۆ ئەوەی درێژە بە دانوستانەكان بدرێت.

ئێران رێی داوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بتوانێ چاودێری سەرجەم چالاكییەكانی بنكە ناوكییەكانی ئێران بكات


بەپێی ئەو رێككەوتنە، ئێران رێی داوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بتوانێ چاودێری سەرجەم چالاكییەكانی بنكە ناوكییەكانی ئێران بكات، لەو چالاكییانە وێنە بگرێت و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكات.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا تەواوی ئەو زانیارییانەی لە رێی كامێراكانەوە تۆمار دەكرێن، دەخرێنە بەردەستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە. دوێنێ یەكشەم، محەمەد ئیسلامی سەرۆكی ئاژانسی وزەی ناوكی ئێران باسی لەو رێككەوتنەی لەگەڵ گرووسی كردبوو.

بڕیارە لە داهاتوودا محەمەد ئیسلامی سەردانی ڤیەنا بكات بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی رێبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەدا بەشداری بكات، لە داهاتووشدا دیسان گرووسی سەردانی تاران دەكاتەوە.


وشە - سلێمان تاشان