بڕیارە ئەمڕۆ زیاتر لە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بگاتە هەرێمی كوردستان و ڕاستەوخۆ دەست بكرێت بە دابەشەكردنی بەسەر بەنزینخانەكان.
ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئەیلوول، سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بڕێكی زۆر بەنزین دەگاتە هەولێر، ئەوەیش بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، هاتنی ئەو بەنزینە پاش هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێ بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، بەپێی رێككەوتنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق كە مانگی ڕابردوو ئەنجام درا.
لە هەفتەی داهاتوو پرۆسەكە خێراتر دەبێت
باس لەوەش كراوە، ئەمڕۆ بڕێك لەو بەنزینە گەیشتە هەولێر و لە هەفتەی داهاتوو پرۆسەكە خێراتر دەبێت، ئەوەیش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی بەنزین دەبێت.
بەپێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژانە هەزار و هەشت مەتر سێجا بەنزین لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی كوردستان.
بە دابەشكردنی ئەو بەنزینە و هاتنی، كێشەی گرانبوونی بەنزین لە بەشێكی زۆری بەنزینخانەكان چارەسەر دەبێت.