كورتهێنان لە بودجەی 2022ی عێراق دەمێنێت؟

:: PM:10:03:14/09/2021 ‌

لە ساڵانی دواییدا بودجەی عێراق بەهۆی چەند تەنگژەیەكەوە تووشی كورتهێنانی گەورە بووەوە، تا ئاستێك شارەزایان باسی ژمارەیەكی خەیاڵیان كرد، ئەوەیش وای كرد حكوومەت پەنا بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ببات بۆ پڕكردنەوەی، راوێژكارێكی ئابووری عێراق باسی ئەگەری كۆتاهاتنی كورتهێنانەكە لە بوجەی 2022 دەكات.
بودجەی 2022ی عێراق لە نێوان 122 بۆ 140 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووری و دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و نانەوتی، كاریگەریی ریشەیی لەسەر كۆتاهاتنی كورتهێنانی بودجەكانی داهاتووی عێراق هەیە، هاوكات پابەندی بە خەرجییەكانی بودجەی 2022 بە هاوشێوەی بودجەی 2021 بە ناوەندی نرخی بەرمیلێك نەوت بە 65 دۆلار و بلە زیادكردنی داهاتی نا نەوتی بۆ دووهێند، ئەوانە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی كورتهێنان بۆ ئەو ئاستەی یاسای ئیدارەی دارایی دیاری كردووە بۆ 3% لە بەرهەمی ناوخۆیی عێراق.

روونی كردەوە، ئەوەیش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی یان رێكخستنەوەی دارایی وەك مەبەستێكی پەرەپێدان و سەقامگیریی دارایی، ئەوە لەوكاتەی بەپێی رەشنووسی بودجەی 2022 قەبارەی بودجەكە لە نێوان 122 بۆ 140 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، بە رێژەی كورتهێنانی 20%، لەوكاتەی بودجەی 2021، قەبارەی 129 ترلیۆن دینار بوو و كورتهێنان 28% بووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل