زانیاریی نوێ‌ لەسەر ئەو گەنجەی 10 ملیۆن دۆلاری بردووە

:: AM:09:27:15/09/2021 ‌
سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان دەڵێ، ئەو كەسەی باس دەكرێ‌ كە 10 ملیۆن دۆلاری بردووە، دەرمانساز نییە و هیچ خاوەن دەرمانخانەیەك سكاڵای تۆمار نەكردووە. خاوەن دەرمانخانەیەكیش ئاشكرای دەكات، ئەو كارەی زریان عەلی كردوویەتی لە دەرەوەی پیشەی دەرمانخانە بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئەیلوول، محەمەد خۆشناو خاوەنی دەرمانخانەی كارێز لە هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كەیسی زریان عەلی كە چەند ڕۆژێكە باس لە ڕاكردنی دەكرێت، لە دەرەوەی كاری دەرمانخانەكان بووە، چونكە بوونی 100 هەزار دۆلار و 200 هەزار دۆلار بۆ كۆگا و دەرمانخانەكان كارێكی ئاساییە.

سكاڵای تۆمار كردووە لەسەر هەموو ئەو كەسانەی كە بە چەك هێرشیان كردووەتە سەر دەرمانخانەكە
زیاتر گوتی، تەنیا چەند كەسێك مامەڵەیان لەگەڵ زریان بووە كە دوور لە كاری دەرمانخانەكان بووە، بۆیە پێویست بەوە ناكات تێكەڵی پیشەی دەرمانخانە بكرێ‌.

لە ڕاگەیەنراوێكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستاندا هاتووە، زریان عەلی دەرمانساز نییە و ئەندامی سەندیكای دەرمانسازان نییە، هیچ پێوەندییەكی بە دەرمانخانەكەوە نییە. ئەو بڕە پارە زۆرەی كە باس دەكرێت بردوویەتی و هەڵهاتووە، لە دەرەوەی دەرمانخانەكە ئەو كارەی كردووە و لە ڕێی كۆمپانیا و كاری تر كردوویەتی كە پێوەی خەریك بووە، چونكە دەرمانخانەكە هیچ سكاڵایەكی لەسەر تۆمار نەكراوە لەلایەن كۆگاكانی دەرمان. 

باس لەوەش كراوە، دەرمانسازی بەرپرس و خاوەن ئیمتیازی دەرمانخانەی "قبس"، سكاڵای تۆمار كردووە لەسەر هەموو ئەو كەسانەی كە بە چەك هێرشیان كردووەتە سەر دەرمانخانەكە و تاڵانیان كردووە.

ڕۆژی نۆی ئەیلوول، دەنگۆی بردنی 10 ملیۆن دۆلار لەلایەن كەسێك بەناوی زریان عەلی بڵاو بووەوە، گوایە بریكاری كۆگای دەرمان بووە و ئێستە هەڵاتووە بۆ فڕەنسا.



وشە - رامیار جەواد