ئەمڕۆ ئەگەر پزیشكانی كوردستان كۆمپیوتەر بەكار نەهێنن سزا دەدرێن

:: AM:09:32:15/09/2021 ‌
بەپێی ئەو وادەیەی لەلایەن سەندیكای پزیشكانی كوردستان بۆ سەرجەم پزیشكەكان دانراوە، ئەمڕۆ كۆتایی دێ‌ و پێویستە سەرجەم پزیشكەكان راچێتەی دەرمان بە كۆمپیوتەر بنووسن.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئەیلوول، رەوەز حەمەزیاد پزیشكی هەناو، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی دواین بڕیاری سەندیكای پزیشكانی كوردستان، ئەمڕۆ دواین وادەیە بۆ سەرجەم پزیشكان كە دەبێ ڕاچێتەی دەرمان بە كۆمپیوتەر بنووسن.

زۆرجار نە نەخۆش و نە دەرمانخانە و تاقیگەكان لێی‌ تێناگەن
زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە تەواوی پزیشكان دەگرێتەوە، سەندیكای پزیشكان بەفەرمی ئاگاداری كردووینەتەوە كە 15ـی ئەیلوول دواین كاتە و دەبێت سەرجەم پزیشكان پێیەوە پابەندبن، دەبێ ڕاچێتەی دەرمان بە كۆمپیوتەر بنووسن دەنا سزا دەدرێن.

ئێستە یەكێك لەو كێشانەی‌ لە سێكتەری‌ تەندروستیدا‌ هەیە، ئەوەیە بەشێك لە پزیشكان راچێتە بە دەستوخەتێكی‌ ناشیرین دەنووسن، زۆرجار نە نەخۆش و نە دەرمانخانە و تاقیگەكان لێی‌ تێناگەن، ئەوەیش زۆرجار هەڵە دروست بووە بۆ وەرگرتنی‌ دەرمانی‌ هەڵە.

ڕۆژی شەموو 28ی‌ ئاب، سەندیكای‌ پزیشكانی‌ كوردستان بە بڕیارێك ڕای گەیاند، بەگوێرەی‌ یاسای پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق ژمارە شەشی‌ ساڵی 2000، پاڵپشت بە ڕێنوێنی‌ سەندیكای پزیشكانی كوردستان ـ ئەنجوومەنی باڵا، بڕیار دراوە تا 15ی‌ ئەیلوولی‌ 2021، سەرجەم پزیشكان ڕاچێتەی دەرمان بە كۆمپیوتەر بنووسن.




وشە - رامیار جەواد