لە مێرگەسۆر پڕۆژەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر كرایەوە

:: PM:01:23:16/09/2021 ‌
لە شارۆكەی مێرگەسۆر لە سنووری ئیدارەی سۆران، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە .

ئەمڕۆ پێنجشەم بە ئامادەبوونی كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و بەڕێوەبەری كارەبای سۆران، بەرپرسان و شارەزایانی كارەبا لە دەڤەری سۆران، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لە گوندی رێزانی مێرگەسۆر كرایەوە.

وەفا سەعید بەڕێوەبەری كارگێڕی و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سۆران، بە "وشە"ی ڕاگەیاند "پڕۆژەكە یەكەم جارە لە كوردستان و عێراق لە ناوچەی ڕێزانی مێرگەسۆر جێبەجێ دەكرێت، لە قۆناغی یەكەمدا لە ناوچە گەشتیارییەكان تاقی دەكرێتەوە، ئەگەر سەركەوتووبوو، بێگومان وەزارەت بۆ كارەبای نیشتمانیش پلانی دەبێ چونكە خەرجی ڕۆژانەی ناوێ.

لە سێ هەزار و 840 پانێلی خۆر پێكهاتووە


ئەو ئاشكرای كرد كە پڕۆژەی كارەبای وزەی خۆر لە سێ هەزار و 840 پانێلی خۆر پێكهاتووە، پڕۆژەكە بە كوالێتی بەرزی ئەڵمانی لەسەر رووبەری 15 هەزار مەتری چوارگۆشە، لەلایەن كۆمپانیای كۆڕەك ئێنرجییەوە دروست كراوە و یەك مێگاوات كارەبا بۆ پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە ناوچەكە دابین دەكات.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێكی داوە بۆ دابینكردنی كارەبای نیشتمانیی بەردەوام، لە دواین قۆناغیدا بەمەبەستی ڕێگریكردن لە زێدەڕۆیی و بەهەدەردانی كارەبا، پێوەری زیرەكی بەخۆڕایی بۆ خەڵك دەبەستێت، بەمەش كارەبایەكی باش گەڕاوەتەوە و هاووڵاتییان كەمتر كارەبا بەكار دەهێنن .

مێرگەسۆر / موڕشید برادۆستی



وشە - سلێمان تاشان