كۆرۆنا ڕێگر نابێت له‌ ئه‌نجامدانى کۆڕبەندی ئابووری جیهانی 2022ى داڤۆس

:: AM:10:50:17/09/2021 ‌
مانگى ئابى ساڵى 2020 رێكخەرانی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری داڤۆس، ڕایان گەیاند كە بەهۆی نەگونجاوی دۆخەكە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، كۆڕبەندەكە، كە بڕیار بوو لە كانوونی دووەمی 2021 بێتە سازكردن، لە سەرەتای هاوینی 2021 ساز دەكرێت، به‌ڵام ئه‌نجام نه‌درا، بڕیارە لە ڕۆژانەی 17 بۆ 21ی کانوونی دووەمى 2022 لە شاری داڤۆسی سویسڕا ئەنجام بدرێت.

ساڵانە پێش دەستپێکی کۆڕبەندەکە بە چەند مانگێک ئامادەسازی بۆ دەکرێت و بانگهێشتی سەرۆک و سەرۆک وەزیران یان وەزیری دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی دنیا دەکرێت، تێکەڵی گەورە سەرمایەدارە جیهانییەکان دەبن و بە گۆڕینەوەی بۆچوونی ئابووری کە کەسایەتی ئەکادیمی و ئابووریناسی گەورە و بەناوبانگ سەرپەرشتی دەکەن و لەسەر دوایین ڕکابەرییە ئابووری و سیاسییەکانی ڕووی لە دنیا کردووە دەدوێن و هەوڵ دەدەن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە. هاوكات هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە، ئەندامێکی بەردەوامی ئەو کۆڕبەندەیە.

کۆڕبەندی ئه‌مجاره‌ى ئابووری جیهانی 2022ى داڤۆس لە ژێر ناوی "پێکەوە کارکردن و دووبارە دروستکردنەوەی متمانە" ده‌بێت، هه‌روه‌ها بابه‌تى سه‌ره‌كى كۆڕبه‌نده‌كه‌یش تایبەت بە ئابووری جیهان و كاریگه‌رى بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌سه‌ر ئابوورییه‌.

كۆڕبەندی داڤۆس چییە؟

كۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆسی سویسرا، ڕێكخراوێكی ناحكوومیی قازانج نەویستە و له ساڵی 1971 لەلایەن زانای بواری ئابووری "كلاوس شواب" دامەزراوە، زیاتر لە هەزار كۆمپانیای نێودەوڵەتی و فرەڕەگەز ئەندامن لەو كۆڕبەندە، لە ناویاندا كۆمپانیای نەستەلە و نیكی و مایكرۆسۆفت و دەیان كۆمپانیای زەبەلاحی تری دنیا، گەورە بەرپرسانی كۆمپانیاكانی دنیا و سەركردە سیاسییەكان، ساڵانە لەو شارە كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر كێشە گەورەكانی ئابووری و سیاسەت لە دنیا دەكەن، هاوكات گرێبەست و پڕۆژەی ئابووریی هاوبەشی گەورە گەورە لە نێوان وڵاتان واژوو دەكرێ، ئامانجی ئەو كۆڕبەندە ئابووریی ئازاد و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەباری وەبەرهێنانە لە سەرتاسەری دنیا بۆ كۆمپانیاكان.

هەرچەندە ڕێكخراوێكی ناحكوومییە، بەڵام مەرجی ئەندامبوونی كۆمپانیاكان لەو كۆڕبەندە ئەوەیە كە داهاتی كۆمپانیاكە كەمتر نەبێت لە ملیارێك دۆلار لە ساڵێكدا، ساڵانەیش هەر كۆمپانیایەكی ئەندام پێویستە 12 هەزار و 500 دۆلار وەك ئابوونە بە ڕێكخراوەكە بدات و بەشداری ساڵانەیش بۆ هەر كۆمپانیایەك شەش هەزار و 250 دۆلاری ئەمەریكییە، ئەگەر كۆمپانیایەك بیەوێ لە بەرنامە و ئەجێندای گفتوگۆ و پانێلەكانی كۆڕبەندی داڤۆس باسی بكرێت، پێویستە 250 هەزار دۆلار بە كۆڕبەندەكە بدات، ئەگەر هاوبەشێكی بەردەوامی ساڵانەیش بێ، تەنیا 78 هەزار دۆلاری لێ وەردەگیرێ.

کۆی داهاتی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەەگاتە 200 ملیۆن فرەنگی سویسری و نیوەی بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە خەرج دەکرێت و نیوەکەی تریشی دەدرێتە کرێی ستافی لیژنەی جێبەجێکار.


وشە - محەمەد میران