دوێنێ 10 هەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەی سۆرانیان كرد

:: AM:09:59:18/09/2021 ‌
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران رای گەیاند، دوێنێ هەینی نزیكەی 10 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردووە.

ئیدارەی سۆران بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافی و هەبوونی ژمارەیەكی زۆری ناوچەی گەشتیاری، 30%ی ناوچە گەشتیارییەكانی عێراق و كوردستان پێكدێنێت، هەروەها 80%ی ناوچە گەشتیارییەكانی هەموو پارێزگای هەولێر لەخۆ دەگرێت .

بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "بەهۆی ئارامی شوێنەكان و جوانیی دیمەن و هەبوونی ئاو و ڕووباری جوان، تەنیا دوێنێ هەینی 10 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد.
 
ئەو ئاماژەی دا، زۆربەی گەشتیاران ناوخۆیی و لە شارەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، هەولێر و بەشێكیشیان گەشتیاری عەرەب بوون كە لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتبوون.

ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سۆران، لەسەر ئاستی كوردستان و تەنانەت عێراقیش ناسراون


ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سۆران، لەسەر ئاستی كوردستان و تەنانەت عێراقیش ناسراون، گرنگترینیان بریتین لە گەلی عەلی بەگ، بێخاڵ، جوندیان، خەرەند، كۆڕەك تەلەفریك، رێزان، سەكران، بێرۆیا، دۆڵی ئالانە، پڕژێ، حەسەن بەگ و چەندان ناوچەی تری گەشتیاری .

سۆران ئیدارەیەكی سەربەخۆیە و بە دووریی 110 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە. هەشت هۆتیل و چەندان مۆتیلی هەیە، هەروەها چەندان خانووی گەشتیاری و سێ كۆمەڵگەی گەشتیاریی لێیە‌.

سۆران /موڕشید برادۆستی



وشە - سلێمان تاشان