جووڵە دیپلۆماسییەكان پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات

:: AM:11:25:18/09/2021 ‌
رۆڵی هەرێمی كوردستان لە دیپلۆماسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زیاتر بووە و پەرلەمانتاران و سەیاسەتمەداران پێیان وایە، هەرێمی كوردستان دووبارە بووەتە كاراكتەرێكی سەرەكی لە ناوچەكە و وڵاتانی دەرەوەش چاوەڕوانی ئەوەیان لە هەولێر هەیە زیاتر پێش بكەوێت.

پەیتا پەیتا سەرۆك و بەرپرسانی باڵای وڵاتان سەردانی هەرێمن دەكەن، بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانیش لەلایەن وڵاتانی زلهێز پێشوازییان لێ دەكرێت. دواین سەردانیش چوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا بوو كە پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا.

رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو سەردانانەی بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەو وڵاتانەی كە زلهێزن و رۆڵیان هەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و كاریگەری ئابووری گەورەیان هەیە، دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەرێمی كوردستان وەك دیفاكتۆ بووەتە بەشێكی گرنگی سیاسەت و ستراتیجیی ئەوان، وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەو وڵاتانە حیسابی بۆ دەكرێت لە پرسە جیۆسیاسییەكان و كاروباری ئاسایشی نێودەڵەتی.

هەمیشە ئامادەیی ئەوەیان تێدا بووە كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بكەن


ئەو ئاماژەی دا، هەرسێ وڵاتی لووتكەی ئەوروپا كە بڕیاری ئەو وڵاتانەیان بە دەستەوەیە، دەتوانن لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەكەش كاریگەرییان هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتەكان و بڕیارەكان، ئەو سێ وڵاتە كە بریتین لە بەریتانیا فڕەنسا و ئەڵمانیا، هەمیشە ئامادەیی ئەوەیان تێدا بووە كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بكەن لە رۆژە تەنگانەكاندا، ئەو جۆرە سەردانانە بەدیوەكەی تریشدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەوان دەیانەوێ پێوەندییەكانیان لەگەڵ كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بنیات بنێن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێ بە سوودوەرگرتن لە تایبەتمەندی جیۆگرافی و ئابووری هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكانیان پتەوتر بكەن، هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوو رۆژ بە رۆژ سەلماندوویەتی هەرێمێكە دەتوانێ ببێتە كاراكتەرێكی سەرەكی بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، هەركاتێكێش لە ناوچەكە تیرۆر پەرە دەستێنێت، ئەو وڵاتانە زۆر گرنگی پێ دەدەن و پشت بە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەگە دەبەستن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە توندەڕەوەكان، پێشتریش سەلمێنراوە چۆن پێشمەرگە بەرانبەر گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی وەستا.

هاوكات بەختیار كەریم گوتەبێژ و ئەندامی سەركردایەتیی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونەی كە لە ماوەی رابردوو هەیبووە، بووەتە پێگەیەكی بەهێز بۆ دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەكان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەرێمی كوردستان كاریگەری و پێشوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەو روونی كردەوە، ئەو پێگەیەی هەرێمی كوردستان ئێستە هەیەتی، جیاوازە لە رابردوو، وڵاتانی دەرەوە و زلهێز بەردەوام لە پێوەندیدان، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ بەرپرسان كۆ دەبنەوە، هەروەها نێردە دیپلۆماسییەكان و باڵوێزەكانیان دێنە هەرێمی كوردستان، ئێستە هەرێمی كوردستان بەڕووی وڵاتانی دەرەوە كراوەتەوە و گرنگی زۆری پێ دەدرێت.

لەلایەكی ترەوە نەزاكەت حەمەسەعید مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت، پێگەی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی كورد و پێوەندییەكانی كورد لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و تێڕوانینی دنیا بۆ كورد جیاوازترە لە رابردوو، ئەم كارانە و ئەو جووڵە دیپلۆماسییانەی سەرۆكی هەرێم و بەرپرسانی هەرێم و ئەو رابەرایەتییەی كە سەركردەكانی هەرێم دەیكەن، دەیسەلمێنێ پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێز بووە، ئەگەر پێشتر پێوەندییەكان لەسەر ئاستی چاوەڕوانی و هاوكاری هەرێم بووبێت، ئێستە پێوەندییەكان براونەتە ئاستی پێوەندیی هاوبەشەوە.

هەولێر بووەتە جێی سەرنجی وڵاتانی زلهێز


هەروەها گوتی، "پێوەندیی هاوبەش بەو واتایەیە هەرێم سوودمەند دەبێت لە وڵاتانی زلهێز و هاوكارییان بكەن، ئێمەش هاوكاریی ئەو وڵاتانە بكەین لەو پێگەیەی كە هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری و جیۆگرافی و سەقامگیری هەیەتی، جووڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشانی دا، هەولێر بووەتە جێی سەرنجی وڵاتانی زلهێز، ئەمە وایكرد سەرۆكی هەرێم رۆڵی هەبێت لە هاوكێشەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنیاتنانی دەوڵەتی عێراق."

ئەو پێی وایە، لە عێراقدا هەرێمێكی بەهێز هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆكی هەرێم و هەرێمی كوردستانیش داڕێژەری سیاسەتی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەكانە، هەرێمی كوردستانیش وەك هەرێمێكی بەهێز لە ناو ئەو عێراقەدا دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان