بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی شاسوار خۆپێشاندان دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:35:18/09/2021 ‌
خاوەنی پشكەكانی چاڤی لاند، گردبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە و داوا لە بەرپرسانی حزبیی سلێمانی دەكەن، بڕیار لەسەر چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید بدەن، یان بزانن چارەنووسی چی دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی پشكەكانی هاووڵاتییان لە پڕۆژەی چاڤی لاند.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئەیلوول، گردبوونەوەی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند لە سلێمانی بەڕێوە چوو، داوای یەكلاكردنەوەی چارەنووسی شاسواری عەبدولواحید دەكەن لە پڕۆژەی چاڤی لاند.

ئێستە پارەی خۆشیان پێ نادرێتەوە
ئەو خاوەن پشكانە ڕایان گەیاند، زیاتر لە 10 ساڵە بە ناوی پشكەوە، پارەی سەتان كەسی خواردووە و ئامادە نییە قازانجی پڕۆژەكەی بداتە ئەو هەموو خەڵكەی كە پشكیان لە پڕۆژەكەدا كڕیوە، بەڵێنی پێدانی قەرزیان پێ دراوە، كەچی ئێستە پارەی خۆشیان پێ نادرێتەوە.

ئەو خۆپێشاندەرانە ڕایان گەیاند، دەمانەوێ بۆچوونی بەرپرسانی یەكێتی لەسەر چارەنووسی شاسوار و پڕۆژەی چاڤی لاند بزانین، بۆیە بە خۆپێشاندان دەچینە دەباشان.

پڕۆژەی چاڤی لاند لە سلێمانی لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 كرایەوە، تا ئێستە تەنیا قازانجی شەش مانگی ساڵی 2013 بە خاوەن پشكەكان دراوە، ساڵی 2014 و 2015 هیچ پارەیەك بە خاوەن پشكەكان نەدراوە، ئەمەش ناڕەزایی زۆری خاوەن پشكەكانی لێ كەوتووەتەوە و دەڵێن، ئەوان بە ئاشكرا دزیمان لێ دەكەن و مافمان دەخۆن.



وشە - رامیار جەواد