زیاتر لە یەك ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەی یەكێك لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سلێمانی تێدەپەڕێت كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستیە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێستە بەشێكی زۆری كارەكانی تەواو كراون و بڕیارە لە كەمتر لە دوو ساڵی داهاتوودا بەڕووی شۆفێران و هاووڵاتییان بكرێتەوە.
كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێك لەو پڕۆژە ستراتیجانەی خستوویەتە بواری جێبەجێكردن، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییە. پڕۆژەكە لە ساڵی 2013 بەردی بناغەی دانرابوو، بەڵام جێبەجێ نەكرابوو.
پێشبینی دەكرێ پێش وادەی دیاریكراوی خۆی تەواو بكرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی پڕۆژەیەكی گرنگە بۆ سلێمانی، ئێستە كارەكانی زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و پێشبینی دەكرێ پێش وادەی دیاریكراوی خۆی تەواو بكرێت.
ئەو باسی لەوەش كرد، پڕۆژەكە بە هەوڵ و توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگە پێوەندیدارەكان و كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە كە قەیوانە، بەباشی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت.
پڕۆژەكە سێ قۆناغە و بڕی بودجەكەی 469 ملیار دینارە و لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت. كۆمپانیای قەیوان كارەكانی جێبەجێ دەكات، لە قۆناغی یەكەمدا كە لە 33 كیلۆمەتر پێكهاتووە، لە تاسڵووجەوە دەست پێ دەكات بۆ ناوچەی دەمركانی نزیك لە عەربەت، ماوەی سێ ساڵی بۆ دانراوە و بڕی بودجەكەشی 100 ملیار دینارە، پڕۆژەكە بە كوالێتی بەرز جێبەجێ دەكرێت.
وەك پارێزگاری سلێمانی خستیەڕوو، بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی بۆ سلێمانی جێبەجێ بكرێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی قەیرانی دارایی، بە دڵنیاییەوە پڕۆژەی نوێ و ستراتیجی دەست پێ دەكاتەوە.
درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە، لە تاسڵووجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو دەبێت، لە 100 مەترییەوە دەست پێ دەكات تا كۆتاكەی كە دەبێتە 40 مەتری. پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی ئێستە قۆناغی یەكەمە كە لە 33 كیلۆمەتر پێكدێت، هەشت یەكتربڕ و شەش ئاوبەری سندووقیی تێدایە و بەپێی ستانداردی جیهانیی دروست دەكرێت.
هاوكات رەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەردەوامە، ئێستە زیاتر 30%ی كارەكانی تەواو بوون، بە كوالێتی باش كارەكانی دەكرێن، پڕۆژەكە زۆر ستراتیجی و گرنگە بۆ سنوورەكە و تەواوی ناوچەكان و شارەكانی تریش بەیەك دەبەستێتەوە.
ئەو گوتی، سلێمانی زۆر پێویستی بەو پڕۆژەیە هەبوو، هیوای هەموو هاووڵاتییەكە پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیجی لەو جۆرە تەواو بكرێت، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، جەنجاڵی و گرفتەكانی ناو شار ناهێڵێت، هەروەها كارئاسانییەكی زۆرباشە بۆ دانیشتووانی دەرەوەی شار كە دەتوانن ئەو رێیە بگرن لە كاتی چوونیان بۆ شارەكانی تر، هەروەها بەهۆی ئەو شەقامەوە رێی سەرەكیی شارەكانی تری كوردستان و عێراق پێكەوە دەبەستێتەوە، دەبێتە هۆی گەورەبوونی شار و و ماستەرپلانی شار فراوانتر دەبێت.
خەونی هاووڵاتییانی سلێمانی بەدی دەهێنێت
جەلال حوسێن دانیشتووی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، خەونی هاووڵاتییانی سلێمانی بەدی دەهێنێت، ئەوانەی خەڵكی دەرەوەی شارن ئەگەر بیانەوێ بچنە ناوچەكانی دەرەوە، دەبێ بەناو سلێمانیدا بڕۆن، ئەمەش كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵام بە تەواوبوونی شەقامەكە گیروگرفتەكە كۆتایی دێت، چونكە رێیەكە كورت دەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو جەنجاڵییەی ناو شار نامێنێت و راستەوخۆ ئەو رێیە دەبێتە ناوچەیەكی گرنگی ستراتیجی و بازرگانی بۆ هەموو شارەكانی تر.
جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە لە سلێمانی كە بە گرنگترین پڕۆژە دادەنرێت لە سنوورەكەدا، لە كاتێكدا بوو كە سلێمانی دوای پێنج دەیە، تەنیا خاوەنی شەقامی 60 مەتری بوو كە لەگەڵ فراوانی و گەورەبوونی شارەكە نەدەگونجا و بەردەوام گرفت و جەنجاڵی دروست دەكرد، بۆیە چاوەڕێ دەكرێ بەهەمانشێوەی شەقامی 100 مەتری، كابینەی نۆ پڕۆژەی تری گرنگ و ستراتیجی بۆ شارەكە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی