بەغدا كێشە بۆ ئەو زیارەتكارە ئێرانییانە دروست دەكات لە هەرێمی كوردستانەوە دێنە ژوورەوە

:: PM:04:13:18/09/2021 ‌
حكوومەتی عێراق كێشە بۆ ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانە دروست دەكات كە لە رێی دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە، دەیانەوێ بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەشت بكەن، سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی پەرلەمان ئەم رێگرییە بە هۆكاری سیاسی هەژمار دەكات.

وەك ئاشكرایە لە رۆژانی داهاتوو رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە عێراق بەڕێوە دەچێت، ساڵانە بە سەتان هەزار كەس لە شیعەكانی ئێران بەمەبەستی بەشداریكردن لەو رێوڕەسمە سەردانی عێراق دەكەن.

ەشێك لە شیعەكانی ئێران حەز دەكەن هاوكات لەگەڵ گەشتیان بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكەن


مەرزە سەرەكییەكانی نێوان ئێران و عێراق كەوتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەشێك لە  شیعەكانی ئێران حەز دەكەن هاوكات لەگەڵ گەشتیان بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكەن، بەشێكیشیان هەر ئەوە لە قازانجیاندایە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بچنە بەغدا، نەك ئەو سنوورانەی عێراق خۆی دەستنیشانی كردوون.

كێشە لەوەدایە ئەو هاووڵاتییانە دوای ئەوەی دێنە كوردستان كە ڤیزەی یەك مانگەیان پێ دەدرێت، لە كاتی چوونیان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندی، ددان بەو رێپێدانە نانرێت و كێشەیان بۆ دروست دەكرێت.

ئەمڕۆ ئیرەج مەسجیدی باڵوێزی ئێران لە عێراق، داوای لە هاووڵاتییانی ئێران كرد لە هاتنیان بۆ عێراق، بە هیچ شێوەیەك سوود لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان وەرنەگرن، چونكە حكوومەتی عێراق كێشەیان بۆ دروست دەكات، ئەو داوای لێ كردوون یان لە رێی فڕۆكە یان لە مەرزی مێهرانەوە بێنە عێراق، بۆ ئەوەی تووشی هیچ كێشەیەك نەبن.

ئەم رێگرییانەی عێراق لە كاتێكدایە، هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی مافەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، پێشبینی دەكرێ عێراق نەخوازێت هەرێمی كوردستان لە رووی گەشتیارییەوە هیچ سوودێكی پێ بگات، پەرلەمانتارێكیش پێی وایە ئەمە كێشەی سیاسییە كە عێراق دروستی دەكات.

رێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكان و رەوەندی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەو هەڵوێستانەی بەغدا زیاتر دەكەونە خانەی سیاسییەوە، حكوومەتی عێراق بە پاساوی جیاوازیی تەناهی،  ددان بەو ڤیزایانە نانێت، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لە رووی تەناهییەوە زۆر لە عێراق لە پێشترە و ئەوەی هەرێمی كوردستانیش لە سنوورەكان جێبەجێی دەكات، بەشێكە لە مافە دەستوورییەكان كە دەستووری فیدراڵی عێراق پێی داوە.

ئەو باسی لەوەش كرد عێراق جگە لەمە، حەزیش ناكات هەرێمی كوردستان لەو رووەوە سوودمەند ببێت و دەزانێ هەرێمی كوردستان شوێنێكی لەبارە بۆ بازرگانی و گەشتیاری و دەستی كار، هەوڵ دەدات لە بایەخەكەی كەم بكاتەوە.

دانیشتووانی بەشێك لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، شیعەن و لە پارێزگاكانی باكور و باكوری رۆژئاوا و تەنانەت پارێزگاكانی ناوەند و رۆژئاوای ئێرانیش، ئەگەر كەسێك بیەوێت سەردانی عێراق بكات، باشترین و ئەمینترینیان، هەر ئەو رێیانەن كە بە هەرێمی كوردستاندا تێپەڕ دەبن، ئەگەر حكوومەتی عێراق كێشەیان بۆ دروست نەكات، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەی گەشتیاری بیانی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بۆنە ئاینییەكان، بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە و سوود بە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێم بگات و هەلی نوێی كار بێتە كایەوە.

ستراتیجیبوونی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، رێگرە لەوەی ئەو سیاسەتەی بەغدا جێبەجێ بكرێت.


ئەگەر حكوومەتی عێراق بۆی بكرایە، ئەوا رێی نەدەدا لە رووی بازرگانیشەوە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان بەكار بهێنرێت، بەڵام ستراتیجیبوونی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، رێگرە لەوەی ئەو سیاسەتەی بەغدا جێبەجێ بكرێت.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق، لە هەندێك ساڵدا تا نزیكەی 13 ملیار دۆلاریش بەرز بووەتەوە، 60%ی هەناردەی ئێران لە رێی دەروازە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون. سەیر لەوەدایە عێراق ددان بەو كاڵایانە دەنێت كە لەرێی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێن، بەڵام بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی دەیانەوێ بە ڤیزەی هەرێمی كوردستان بێنە ژوورەوە، كێشەیان بۆ دەهێنێتە كایەوە.



وشە - سلێمان تاشان