وانە نوێیەكەی پەروەردە بەها كۆمەڵایەتییەكان بە قوتابیان ئاشنا دەكات

:: AM:10:19:19/09/2021 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵی خوێندن وانەیەكی نوێی خستووەتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە بە ناونیشانی "كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان" كە بۆ قۆناغی بنەڕەتی دەبێت.

سوهێل تاهیر سەرپەرشتیاری پەروەردە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكان و زیاتر گرنگیدان بە لایەنی كۆمەڵایەتی لە پرۆگرام و وانەكانی خوێندن لە قوتابخانەكان، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وانەیەكی نوێی بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندنی 2021 بۆ 2022، خستووەتە ناو وانەكانی تری خوێندن كە جیاوازە و بۆ قۆناغی بنەڕەتی دەبێت.

ناوەڕۆكەكەی جیاوازە و بەشێوەیەك دانراوە كە قوتابیانی ئەو پۆلانە سوودی لێ وەربگرن


ئەو گوتی، لە وانەكە باس لە شێوازی مامەڵەی كۆمەڵایەتی و هەڵسوكەوتی منداڵان دەكرێ و رێككردنەوەی بەها كۆمەڵایەتییەكان، وانەكە بۆ پۆلەكانی یەك تا شەشی بنەڕەتییە، ناوەڕۆكەكەی جیاوازە و بەشێوەیەك دانراوە كە قوتابیانی ئەو پۆلانە سوودی لێ وەربگرن. زیاتر باسی پاكوخاوێنی و هەڵسوكەوتی رۆژانە و ئەو شتانەی كە پێویستە منداڵان لەو تەمەنەدا فێری ببن و كاری پێ بكەن.

ئەو سەرپەرشتیاری پەروەردەییە باسی لەوەش كرد، وانەكە بۆ پۆلەكانی حەوت تا نۆی بنەڕەتی جیاوازە و ناوەڕۆكەكەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بە جۆرێك لەگەڵ تەمەنی ئەو قۆناغە بگونجێت، تێیدا باس لە خاك و نیشتمان و وڵات و ئاڵا دەكات، باس لەوە دەكات كە چۆن منداڵان فێر بكرێن نیشتمان و وڵاتی خۆیان خۆش بوێت و كاری پێ بكەن، ساڵی رابردوو لە سەرانسەری هەرێم لە ناوچەكاندا 200 قوتابخانە دیاری كرابوو، ئەو وانەیەی تێدا خوێنرا وەك تاقیكردنەوەی سەرەتایی.

زیاتر خستیەڕوو، بۆ ئەمساڵی خوێندن ئەو وانەیە لە سەرجەم قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان لە هەر چوار پارێزگاكە دەخوێنرێت، راهێنان بە مامۆستایان كراوە بۆ چۆنیەتی گوتنەوەی وانەكە، وەزارەتیش كتێبی پێویستی لەو وانەیە چاپ كردووە و رەوانەی كۆگاكانی سەرجەم پەروەردەكانی سنوورەكان كراون.

 بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بەڵێ ئەمساڵ وانەیەكی نوێ بۆ پرۆگرامی خوێندن لە هەرێمی كوردستان زیاد بووە بە ناوی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان، ئەمە جیاوازە لە بابەتی كۆمەڵایەتی و لە هەفتەیەكدا دووجار بۆ پۆلەكانی قۆناغی بنەڕەتی یەك تا نۆ دەخوێنرێت.

ئەو گوتی، راهێنان بە مامۆستایان كراوە لەسەر ئەو وانەیە و بەشێوەی تیۆری دەبێت، وانەكە سوودی دەبێت بۆ قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی.

بەگوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، كتێبی ئەو وانەیە چاپ كراوە لەلایەن وەزارەتەوە، چاوەڕێی هاتنی ئەو وانەیە دەكەن لە چاپخانەكانەوە بۆ ناو كۆگاكان و دابەشكردنی بەسەر پەروەردە و قوتابخانەكان، ناوەڕۆكی ئەو وانەیە باس لە بەها كۆمەڵایەتییەكان و راهێنانی قوتابیان دەكات، باس لە كولتوور و نەریتی نەتەوە دەكات بۆ ئەوەی قوتابیان شارەزا بن لێی، ئەو وانەیە زۆر گرنگە و سوودی باشی دەبێت.

قوتابی فێری ئەوە دەكات لە سەرەتاوە چۆن مامەڵە و كارەكانی رۆژانەی خۆی بكات


لەلایەكی ترەوە ساوێن مەحموود مامۆستای قۆناغی بنەڕەتی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو وانەیە بۆ ئەو سەردەمەی ئێستە زۆر پێویست و گونجاوە، قوتابی فێری ئەوە دەكات لە سەرەتاوە چۆن مامەڵە و كارەكانی رۆژانەی خۆی بكات و فێری هەڵسوكەوتە كۆمەڵایەتییەكان و بەها كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت، ئەو وانە گرنگە لە چوارچێوەی پرۆگرامەكان بخوێنرێت.

ئەو دەڵێت، "ئێمە پێویستیمان بە گۆڕانكاری لە شێوازی وانە و ناوەڕۆكی وانەكان هەیە، بە جۆرێك لەگەڵ سەردەمدا بگونجێن و قوتابی و خوێندكارانیش سوودی لێ وەربگرن و بتوانن لە ئیشوكاری رۆژانەی خۆیان بەكاری بهێنن.".

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان