مووچەی شەش مانگ بەیەكەوە دابەش دەكرێ‌

:: PM:02:18:19/09/2021 ‌
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ئەو هاوكارییەكەی كۆ كراوەتەوە بۆ ئەو منداڵانەی باوكیان نەماوە، بڕیار دراوە مووچەی شەش مانگ بەسەریەكەوە دابەش بكرێ‌.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئەیلوول، دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر بڵاوی كردووەتەوە،  لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزاندا، بەردەوام لە هەوڵی باشتركردنی باروگوزەرانی منداڵانی بێنازی باوكدایە، لە پێوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ كەسایەتیی خێرخواز و خاوەنكار و كۆمپانیاكانی كوردستان لە پێناو خزمەتكردنی منداڵانی بێ باوك، بەتایبەتیش لەم ساتەدا كە كوردستان و عێراق بەگشتی، چەندان ساڵە كێشەی ئابووری سەریهەڵداوە و ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر گوزەرانی چین و توێژەكان دروست كردووە.

باس لەوەش كراوە، لە هەوڵەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شەونخوونی بەشی ئازیزان و بێ هاوژینان، توانرا بە پاڵپشتی خێرخوازانی كوردستان و خاوەنكار و كۆمپانیا ناوخۆییەكان، قۆناغێكی تری دابەشكردنی هاوكاری دەست پێ بكەن، ئەمەش بەبۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، كارئاسانی زۆرباشی دەبێت كە لەڕووی كڕینی پێداویستییەكانی خوێندن و بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەی خوێندن. 

ڕوون كراوەتەوە، دەست بە دابەشكردنی قۆناغێكی تری هاوكاریی شەش مانگ دەكرێ‌ بۆ سێ‌ هەزار و 657 بێ باوك لە پڕۆژەی ئازیزانی كوردستان، هەر ئازیزێك لەم قۆناغەدا 300 دۆلاری ئەمەریكی بۆ تەرخان كراوە. 

ئاشكرا كراوە، دابەشكردنی ئەو هاوكارییە بۆ هەر پارێزگایەك بڕێك دیاری كراوە، لە ئۆفیسی هەولێر هەزار و 154 ئازیز بە بڕی 346 هەزار و 200 دۆلار دەبێت، لە ئۆفیسی دهۆك   764 ئازیز سوودمەند دەبن بڕی پارەی تەرخانكراو بریتییە لە 229 هەزار و 200 دۆلار، لە ئۆفیسی سلێمانی 599  ئازیز سوودمەند دەبن و بڕی پارەی تەرخانكراو 179 هەزار و 700 دۆلار دەبێت، لە ئۆفیسی كەركووك 747 ئازیز سوومەند دەبن و بڕی پارەی تەرخانكراو  224 هەزار و 100 دۆلار دەبێت، لە ئۆفیسی گەرمیان 393 ئازیز سوودمەند دەبن و بڕی پارەی تەرخانكراو 117 هەزار و 900 دۆلاری ئەمەریكی دەبێت.



وشە - رامیار جەواد