چاوەڕوانی رۆژی هەڵبژاردنن.. پارتی باشترین بژارەی كوردانی ناوچە كوردستانییەكانە

:: PM:08:21:19/09/2021 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەنگدەران لە هەموو ناوچەكان، بەتایبەتی ناوچە كوردستانییەكان، ئەوانەی بوونە قوربانی دەستی تیرۆریست و میلیشیاكان، ئەوان هەڵوێستی پێشمەرگە و پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرانبەریان لەیاد ناكە، ئەوە وای كردووە كاندیدانی پارتی بە دڵنیاییەوە دووپاتی بكەنەوە كە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان ئەركی سەرەكیان دەبێت.
شنگال لای سەرۆك بارزانی گرنگییەكی تایبەتی هەیە و كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی دەكەین
شێروان دووبەردانی، كاندیدی ژمارەی 28ی پارتی لە بازنەی دووی سنووری پارێزگای نەینەوا بە "وشە"ی راگەیاند، بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ناوچە كوردستانییەكان بریتییە لە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور بۆ ئەو ناوچانە، كە لە 2005ەوە خراوەتە ناو دەستوور و چەندان ساڵە بەهۆی تەنگژە جیاجیاكانی لە عێراق هەبووە، بواری جێبەجێكردنی نەبوو، بۆیە پارتی كە لە 2018 وەك حزب، یەكەم دەنگی لەسەر ئاستی عێراق هێنا، خاڵی یەكەمی بەرنامەی ئەوەیە مادەی 140 جێبەجێ بكرێت، كە رەنگە ئەوجارە بواری جێبەجێكردنی باشتر و گونجاوتر بێت.

زیاتر گوتی، هەوڵ دەدەین بۆ گەڕانەوەی كوردە ئاوارەكان و چارەسەركردنی تەواوی كێشەی برایانی ئێزیدی لە شنگال و لە دەشتی نەینەوا، كە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان بكەنەوە و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.

دووبەردانی كە هاوكات پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆكی لیژنەی پارێزگا و هەرێمەكانە، دووپاتی كردەوە، دەمانەوێ رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی شنگال بێتە جێبەجێكردن، گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەتایبەتی ئەوانەی شنگال و دەوروبەری، پێشمەرگە چەندان شەهیدی لەكاتی رزگاركردنەوەی شنگال دا، بۆیە پرسی شنگال لای سەرۆك بارزانی گرنگییەكی تایبەتی هەیە و كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردنی كوردانی ئێزیدی دەكەین، جیا لەوە كاركردن بۆ وەدەرنانی هێزە نافەرمییەكان لەناو شنگال و سوپای عێراق بە هاوئاهەنگیی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناوچەكە، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل