سه‌رۆكی یه‌كێتیی وه‌رزشی ئاسمانیی عێراق له‌گه‌ڵ هاوتا كوردستانییه‌كه‌ی له هه‌ولێر رایان گه‌یاند، پاڵه‌وانیه‌تیی وه‌رزشی ئاسمانیی وڵاتانی عه‌ره‌بی، كه بڕیار بوو له كوردستان بكرێت، بۆ كاتیًكی تر دواخرا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 19ی ئه‌یلول، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی وه‌رزشی هه‌ولێر، حامید عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لره‌عد سه‌رۆكی یه‌كێتیی وه‌رزشی ئاسمانیی له عێراق رای گه‌یاند، پاڵه‌وانیه‌تیی وه‌رزشیی ئاسمانیی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه بڕیار بوو له 23ی ئه‌م مانگه له شاره‌كانی كوردستان بێته ئه‌نجامدان، بۆ كاتێكی تر دواخرا.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، كه "وشه سپۆرت" تێیدا ئاماده‌بوو، ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌رزشی ئاسمانی له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه دا "به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی و گه‌شتكردن بۆ عێراق، ژماره‌یه‌ك له وڵاته به‌شداره‌كان ئێسته ئاماده‌نین بێنه عێراق و كوردستان، بۆیه بڕیارمان دا پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه دوابخه‌ین".
گوتیشی: "سێ مانگه ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی وه‌رزشی ئاسمانی له كوردستان به‌یه‌كه‌وه كارمان بۆ میواندارییه‌كه كردووه، به‌ڕێوه‌چوونی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ش له كوردستان، له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندیی یه‌كێتیی وه‌رزشیی عه‌ره‌بی و به ئاگاداری یه‌كێتیی جیهانیی یارییه‌كه‌یه".
حامید عه‌بدولكه‌ریم، كه پله‌ی سه‌ربازیی لیوایه، شایه‌تی بۆ ئه‌وه دا، كه وه‌رزشی ئاسمانی و فڕین له كوردستان به شێوه‌یه‌كی زۆر باش ئه‌نجام ده‌درێت و وه‌رزشوانی باشی تێدایه، جگه له‌وه‌ش چیاكانی كوردستان شوێنی زۆر گونجاو و سه‌رنجڕاكێشن بۆ ئه‌م یارییانه.
سه‌رۆكی وه‌رزشی ئاسمانی له عێراق، رای گه‌یاند له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانی عێراق و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی كوردستانه‌وه پاڵپشتییه‌كی زۆر كراون بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه".
ئه‌لره‌عد گوتیشی: "باری ته‌ناهی و ئاساییش و سه‌قامگیری و بایه‌خپێدان له كوردستان، هۆكارگه‌لێكن بۆ ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له كوردستان بێته ئه‌نجامدان".
دواتر عه‌لی ئه‌ترووشی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی وه‌رزشی ئاسمانی له كوردستان بۆ میدیاكان قسه‌ی كرد و ئاشكرای كرد، 12 یه‌كێتیی ئاسمانی له وڵاتانی عه‌ره‌بی ئاماده‌ییان ده‌ربڕیبوو به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له كوردستان بكه‌ن، به‌ڵام به هۆی رێوشوێنه‌كانی كۆرۆنا و بارودۆخی په‌تاكه له عێراق و كوردستان، ئێسته ئاماده‌نین بێنه كوردستان".
گوتیشی: "بڕیار بوو چوار جۆر پێشبڕكێی وه‌رزشی ئاسمانی و فڕۆكه‌وانی له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه بێته ئه‌نجامدان، ئه‌وانیش "په‌ڕه‌گلایده‌ر، په‌ڕه‌ماتۆڕ، سكای دایڤینگ و ئارسی".
ئه‌ترووشی ئاماژه‌ی به‌وه دا، ئه‌م دواخستنه كاتییه و له ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتوو پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان رێك ده‌خه‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌ترووشی باسی ئه‌وه‌ی كرد، هه‌ڵبژارده‌ی وه‌رزشی ئاسمانی له وڵاتانی "ئوردن، سووریا، لوبنان، فه‌ڵه‌ستین، سعودیه، ئیمارات، لیبیا و چه‌ند وڵاتێكی تر ئاماده‌ییان ده‌ربڕی به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه بكه‌ن.
سه‌رۆكی یه‌كێتیی وه‌رزشی ئاسمانیی كوردستان سوپاسی سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان مه‌سروور بارزانی و وه‌زیری ناوخۆ رێبه‌ر ئه‌حمه‌دی كرد، كه هاوكاریی زۆریان پێشكه‌ش به كاروباری به‌ڕێوه‌چوونی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له كوردستان كردووه.
له وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری "وشه سپۆرت" كه ئایا هه‌ڵبژارده‌یه‌ك به ناوی كوردستان ده‌توانێت به‌شداری له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا بكات.
عه‌لی ئه‌ترووشی گوتی: "یاریزانانی ئێمه زۆرینه‌ی پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق پێك ده‌هێنن و له ریزی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقدا به‌شداریی ده‌كه‌ن".
له كۆتایی كۆنگره‌كه‌دا، حامید عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لره‌عد سه‌رۆكی یه‌كێتیی وه‌رزشی ئاسمانی له عێراق رای گه‌یاند: پلانی ئێمه ئه‌وه‌یه نه‌ك هه‌ر ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه، به‌ڵكو فێستیڤاڵی فڕۆكه‌وانی و چه‌ند چالاكییه‌كی تر گه‌وره له ناوچه‌كانی كوردستان بۆ وه‌رزشی فڕین ئه‌نجام بده‌ین و به هۆی ئه‌م فێستیڤاڵانه‌شه‌وه بره‌و به بواری گه‌شتیاریش بده‌ین.
له كوردستاندا به هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆلۆجی و بوونی ناوچه‌ی شاخاوی و چیای به‌رز له كوردستان، وه‌رزشی ئاسمانی و فڕۆكه‌وانی به جۆره جیاوازه‌كانییه‌وه، به شێوه‌یه‌كی فراوان دێنه ئه‌نجامدان و ده‌یان تیپ و وه‌رزشوانی ئاستبه‌رز بۆ ئه‌م یارییانه بوونیان هه‌یه، جگه له‌وه‌ی یه‌كێتییه‌كی وه‌رزشییش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ساڵانێكه دامه‌زراوه.