كەمی میلاكات كێشە بۆ گواستنەوەی مامۆستایانی پێنجوێن دروست دەكات

:: PM:09:19:19/09/2021 ‌

بۆ ئەمساڵ گواستەوەی مامۆستایان لە نێوان پەروەردەی شار و شارەدێیەكانی هەرێمی كوردستان، لە 40 خاڵ بەرەوە سەرەوە دەستی پێ كردووە، بەڵام لە سنووری پەروەردەی شارۆكەی پێنجوێن، گواستنەوەی مامۆستایان لە 50 خاڵەوە دەستی پێ كردووە، ئەوەیش نیگەرانی مامۆستایانی لێ كەوتووەتەوە.

خەسرەو عەلی، مامۆستا لە پێنجوێن، بە"وشە"ی گوت، بەپێی رێنوێنییەكانی وەزارەتی پەروەردە، كە گشتاندنی پێ كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی شارەكان و لەوێشەوە بۆ پەروەردەی شارۆكەكان، گواستنەوەی مامۆستایان لە پەروەردەی شارۆكەكان بۆ ناو شارەكان، لە 40 خاڵەوە دەستی پێ كردووە، بەڵام بەداخەوە لە پێنجوێن تا ئێستە ژمارەیەكی كەم مامۆستا كاری گواستنەوەیان بۆ كراوە، ئەوانیش لە 50 خاڵ بەرەو سەرەوەیە.
تا ئێستە نزیكەی 41 مامۆستا گواستنەوەیان بۆ كراوە
زیاتر گوتی، بە گوتەی بەرپرسانی پەروەردەی پێنجوێن، كە رۆژانە سەردانیان دەكەین، هۆكارەكەی بۆ كەمی میلاكاتی مامۆستایانی دامەزراو بەشێوەی هەمیشەیی دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا ئێمەی مامۆستایان مافی خۆمانە، دوای ساڵانێكی زۆری خزمەت، كاری گواستنەوەمان بۆ بكرێت، كە هەمانە لە هەشت ساڵ زیاتر خزمەت دەكەین.

ئەو مامۆستایە روونی كردەوە، بۆ هەر ساڵێكی خزمەتی ناو سەنتەری پێنجوێن، پێنج خاڵ دیاری كراوە، واتە ئەگەر مامۆستایەك هەشت ساڵ بەرەو سەرەوە خزمەتی هەبێت، ئەوا 40 خاڵ زیاتری هەیە و بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمیش، پێویستە ئەو مافەی مامۆستایان زەوت نەكرێت، دووپاتی كردەوە، تا ئێستە نزیكەی 41 مامۆستا كاری گواستنەوەیان لە پەروەردەی پێنجوێنەوە و بەدوو جار بۆ پەروەردەكانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ كراوە.

"وشە"، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر چەندان جار پێوەندی بە مامۆستا بارام محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن كرد، بەڵام پێوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، هێشتا دیار نییە لە رۆژانی داهاتوودا ناوی نوێی مامۆستایانی گواستراوە كە لە 40 خاڵ بەرەو سەرەوەیان هەیە رادەگەیەندرێت یان نا، هاوكات ئەو مامۆستایانەیشی ئێستە مۆڵەتی بێ مووچە یان دایكایەتی یان تەنیسبن لە پەروەردەكانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی دەوام دەكەن، دوای دەست بەكاربوونەوەیان و پێوەندیكردنیان بە پەروەردەی پێنجوێنەوە، ئەگەر هەیە گواستنەوەیان بۆ بكرێت.

لەلایەكی ترەوە، پەروەردەی پێنجوێن ئاگەداری دەرچووانی كۆلێژەكانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی دەكات، بۆ پسپۆڕییەكانی (زمانی كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و بیركاری و كۆمپیوتەر و كیمیا و فیزیا و زیندەزانی و زانست)، رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە، سەردانی یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردەی پێنجوێن بكەن، بۆ وەرگرتنی فۆرمی وانەبێژی، پێویستیشە ناسنامە و كارتی زانیاری لەگەڵ خۆیاندا بێنن.

شارۆكەی پێنجوێن، 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ساڵانە زۆرترین رێژەی مامۆستای لە دەرەوەی سنوورەكە وانە لە ناوەندەكانی خوێندن دەڵێنەوە و كاری گواستنەوە بۆ ژمارەیەكیان دەكرێت، بەڵام زۆری ساڵانی خزمەت، بەردەوام گرفتی بۆ گواستنەوەی زۆربەی مامۆستایان دروست كردووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل