"وشە" ناوەڕۆكی یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:40:20/09/2021 ‌
یاسای بە خاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو كرایەوە، بەوەش یاساكە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و چەند مەرجێك بۆ تاپۆكردنیان دیاری كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئەیلوول، دڵشاد كاكەزیاد خاوەنی گرووپی عەقاراتی ژیان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تاپۆكردنی یاسای زێدەڕۆكان لە سنووری شارۆكەكان، سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتییان دەبێت، چونكە ئەو كەسانەی لەو شارۆكانەی نزیك شارەكان دەژین، خەڵكی هەژارن.

لەبارەی گرانبوونی نرخی ئەو یەكانەی بەزێدەڕۆیی دروست كراون و ئێستە تاپۆ دەكرێن، گوتی یاساكە ئێستە دەرچووە و چاوەڕوانی ڕێنوێنی شارەوانی دەكرێ و دواتر دەست پێ‌ بكرێت، ئەگەر نرخیش گران بێت لەو شوێنانە، ئەوا گرانبوونێكی زۆر نابێت.

نرخی بەخاوەنكردن و تاپۆكردنی ئەو زەوی و خانووانە دیاری كراوە
بەگوێرەی یاسای ژمارە حەوتی ساڵی 2021  كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، نرخی بەخاوەنكردن و تاپۆكردنی ئەو زەوی و خانووانە دیاری كراوە كە لە سنووری شارەوانییەكان بە زێدەڕۆیی دروست كراون.

بەپێی ئەو یاسایەی بۆ نرخی زەوییەكان دیاری كراوە، ئەگەر ئەو زەوییەی زیادەڕۆیی كرابووە سەر، لەلایەن شارەوانییەوە پێش زیادەڕۆییكردنە سەری جیا كرابێتەوە، نرخەكەی بەبڕی 25%ـی نرخی راستەقینەی زەوییەكە دەخەمڵێنرێت و زێدەڕۆكاریش بە سوودمەند ئەژمار دەكرێت.

لە بەشێكی یاساكە ئەوەیش ئاشكرا كراوە، ئەگەر زێدەڕۆكار سوودمەند بووبێت لە دەوڵەت، لەكاتی بەخاوەنكردندا بڕی 10% لە نرخی راستەقینە دەخرێتە سەر نرخی 25%ـی پێشوو.

ئەوەیش باس كراوە، ئەگەر ئەو زەوییە زیادەڕۆیی كراوەتە سەر، پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە جیا نەكرابێتەوە، نرخەكەی بەبڕێك دەخەمڵێنرێت 5%ـی نرخی راستەقینەی زەوییەكە كەمتر نەبێت، هەروەها هەر زێدەڕۆكارێك خۆی نیشتەجێی خانووە زێدەڕۆكە نەبوو، بە بەرانبەر یان بێ بەرانبەر كەسێكی تری تێدا نیشتەجێ بوو، لەكاتی بەخاوەنكردندا بڕی 100%ـی نرخی راستەقینە دەخرێتە سەر نرخەكەی.

پێشتر یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان لە هەرێمی كوردستان دەرچوو، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یاساكە لە كاتی خۆیدا جێبەجێ‌ نەكرا، دواتر جارێكی تر لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كرایەوە، پێشبینی دەكرێت 300 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان لەو یاسایە سوودمەندبن و ئەو خانووانەی بەزێدەڕۆ دروست كراون، تاپۆ بكرێن.



وشە - رامیار جەواد