دابەشكردنی نەوت دەست پێ‌ دەكات

:: AM:10:55:20/09/2021 ‌

 

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بەر لە هاتنی وەرزی زستان، پرۆسەی پێدانی نەوت بە قوتابخانەكانی ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ‌ دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئەیلوول، بەشدار عەبدولخالق بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەربە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگی تایبەت بە كەرتی پەروەردە دەدات و ساڵانەش بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی قوتابخانەكان، بودجەی تایبەتی تەرخان كردووە. 

پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەسەر قوتابخانەكانی ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ دەكرێت
زیاتر گوتی، بەر لە هاتنی وەرزی زستان، پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەسەر قوتابخانەكانی ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، لەمساڵی خوێندندا كار لەسەر بەرهەمهێنانی نەوەیەكی ژینگەدۆست، نیشتمانپەروەر و تەندروست دەكەین، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی وەزارەتی پەروەردەیە.
 
ڕوونی كردەوە، لە ماوەی رابردوودا بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستی، پرۆسەی ڤاكسینكردنی مامۆستایان بەردەوام بووە، ناوەندێكی تایبەتیش بۆ وەرگرتنی ڤاكسین بۆ مامۆستایان تەرخان كراوە و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت تا سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەردەگرن. 

گوتەكانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە لە كاتێكدایە، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتەكانی ڕاسپاردووە ئامادەكاریی بكەن بۆ دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان.


 



وشە - رامیار جەواد