كاندیدێكی پارتی لە سەڵاحەدین: ئومێدم هەیە دەنگێكی باش بێنم

:: AM:11:18:20/09/2021 ‌
كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەڵاحەدین، گەشبینە بەوەی زۆربەی پێكهاتەكان دەنگی پێ دەدەن و هۆكارەكەش بۆ پێگە و ناوبانگی پارتی دەگەڕێنێتەوە.

هیوا تاهیر عەباس كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەڵاحەدین، بۆ "وشە" دەڵێت، "هەموو چین و توێژ و پێكهاتەكانی پارێزگای سەڵاحەدین سەردانم دەكەن، بە كورد و عەرەب و توركمان و پێكهاتەكانی تر، ئومێدم هەیە كە دەنگێكی باش بێنم و سەركەوتن تۆمار بكەم، پارتی هێز و لیستی پێكەوەژیان و تەبایی و ئاشتییە و هەموو نەتەوە و ئاین و مەزەوەكان لەخۆ دەگرێت، منیش لە هەموو چین و توێژێك دەنگ دەستەبەر دەكەم."

ئەو ئاماژەی دا، ناوچەكە شوێنی پیكەوەژیان و تەباییە، بەڵام لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر و نەمانی پارتی و بارەگاكانی، ئیدارەیەكی خراپ بەڕێوەی دەبات، تەناهیی شارەكە گرفتی بۆ دروست بووە و ئاسایش بەرقەرار نییە.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، رۆژانە چەندان كەس سەردانی دەكەن و خۆیشی سەردانی هەموو شوێنێكی دەڤەرەكە دەكات، زۆر شوێنی مەترسیداریشی بەسەر كردووەتەوە، لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتی، ئومێدی سەركەوتنی هەیە و رۆژانە نزیكەی 600 كەس بۆ پاڵپشتی سەردانی دەكەن.

خۆ كاندیدكردنم لەبەر بەهێزیی پارتی و كەسایەتیی مەزنی جەنابی سەرۆك بارزانییە


لە بەشێكی تری قسەكانیدا هیوا تاهیر دەڵێت، "خۆ كاندیدكردنم لەبەر بەهێزیی پارتی و كەسایەتیی مەزنی جەنابی سەرۆك بارزانییە، سەرۆك بەردەوام هەوڵ و كۆششی بۆ گەیشتنی كوردە بە ئامانجە رەواكانی میلەتی كورد."

پێویستە بگوترێ هیوا تاهیر، بڕوانامەی دكتۆرای لە "زانستی قورئان" هەیە، وتاربێژی مزگەوت و مامۆستای زانكۆ و بەرپرسی بەشی مزگەوتەكان لە ئەوقافی كەركووك بووە.

سلێمانی/ئاسان محەمەد





وشە - سلێمان تاشان