داوا دەكرێ لایەنەكان خۆیان ئاشكرا بكەن كە دەیانەوێ لەگەڵ پارتی هاوپەیمان بن

:: PM:12:00:20/09/2021 ‌
فازڵ میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێویست ناكات لایەنەكان بە دژایەتیكردنی پارتی دەنگ كۆ بكەنەوە، پێویستە وا هەڵسوكەوت بكەن و بڵێن ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ پارتی هاوپەیمان بین.

ئەوان بیر دەكەنەوە و مێژوو و جیۆگرافیای پارتی باش دەزانن
ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئەیلوول، فازڵ میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هەندێك لایەن دەیانەوێ بە داژیەتیكردنی پارتی دەنگ بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە، كە بە بۆچوونی من ڕوانگەیەكی هەڵەیە، ئێستە خەڵكی كوردستان شارەزایە، جا یەكگرتوو بێت، كۆمەڵ و گۆڕان و شیوعی بێت، چونكە ئەوان بیر دەكەنەوە و مێژوو و جیۆگرافیای پارتی باش دەزانن.

سكرتێری پارتی گوتی، بۆ لایەنەكان باشتر وایە وا هەڵسوكەوت بكەن و بڵێن ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ پارتی هاوپەیمان بین، چونكە تا ئەم وڵاتە ئاسایش و سەقامگیر بێت، بۆ ئەوەی حكوومەتێكی بەهێز و هەمەلایەنە و خزمەتگوزار پێك بهێنین و لێك نەترازین.

باسی لەوەش كرد، پێویستە بزانرێ ئەمجارە پارتی دیموكراتی كوردستان ئارامتر لە جارانی ڕابردوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، ئەویش ئەو ڕێ نەرمەیە كە هەمیشە پارتی پێ ناسراوەتەوە، كاندیدەكانی پارتی ڕاهێنراون و ئامادە كراون بۆ ئەو ڕاستییەی لە بەغدا هەیە.

ڕوونی كردەوە، ئێستە پارتی پارسەنگی هێزە لە كوردستان و عێراقیشدا، حزبێكی جێگیرە لە عێراق و یەكەم دەنگی لەسەر ئاستی عێراق هێناوە، بۆیە پارتی بە چاوی ستراتیجەوە لە داهاتووی عێراق دەڕوانێت.



وشە - رامیار جەواد