وەزیری ناوخۆ: چەند فەرمانگەیەك بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دادەمەزرێنین

:: PM:12:23:20/09/2021 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەمنزیكانە چەند فەرمانگەیەك بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دادەمەزرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئەیلوول، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕای گەیاند، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادەكاری كراوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا چەندین فەرمانگە و دامەزراوەی سەربە وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دادەمەزرێن.

زیاتر گوتی، داخوازی خەڵكی زاخۆ و بەڵێنی سەرۆك بارزانییە كە لەسەر دەستی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بوو بە بڕیار و ئەمڕۆ بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت و لە هەموو خەڵكی سنوورەكە پیرۆز بێت.

باسی لەوەش كرد، لە سەرەتای كابینەی نۆیەمدا كە دەستبەكار بووین و بەرنامەی حكوومەت لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕاگەیەنرا، یەكێك لە پلانە سەرەكییەكان ئەوەبوو خزمەتگوزاری و دەسەڵاتەكان لە ناوەندی پارێزگاكانەوە بگوزارێنەوە بۆ شارۆكەكان.

ڕوونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت سەرپەرشتیی ئەم پرۆسەیەی كردووە و بەرلەوەی ئەو بڕیارە دەربچێت، لە كۆبوونەوەی ژمارە 62 لە ڕێكەوتی 28ی تەمووزدا، بڕیاری لەسەر درا و بەر لەوەش فەرمان بە ئیدارە و وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكان درا، كە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زەوینەی بۆ بڕەخسێنرێت، بۆیە پێش چەند هەفتەیەك بڕیاری بە شارۆكەی باتیڤا دەركرا، هاوكات بڕیار لەسەر شارەدێی بێگۆڤاش درا.

"لیژنەیەك بۆ تەواوكردنی كارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێكهێنرابوو، سەرۆكی حكوومەت سەرپەرشتیی دەكرد كە ئەو پێداویستییانەی كە پێویستن بۆ شاری زاخۆ و بۆ ئیدارەی سەربەخۆ، وەك چۆن بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاری كرا، بۆ ئەم ئیدارەیەش بڕیاریان لەبارەوە درا، بۆیە هەموو پێداویستی و هاوكارییەكان دابین كران"، وەزیری ناوخۆ وای گوت.



وشە - رامیار جەواد