سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، چوار بنكەی سەرەكیی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بە مووشەكی زیرەك كردووەتە ئامانج. حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئەمە رەت دەكەنەوە و دەڵێن، چەند رۆژە تۆپباران و هێرشەكان وەستاون و ئەوەی ئێران گوتوویەتی دوورە لە راستییەوە.
ئەمڕۆ دووشەم مەجید ئەرجمەندفەر جێگری فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سەیدوشوهەدای سەربە سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، چوار بنكەی سەرەكیی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی "
مێهرنیوز" ئەو دەڵێت، بە مووشەكی زیرەك ئامانجەكانیان پێكاوە و توانیویانە هەر چوار بنكە لەناو ببەن و كۆگای چەك و تەقەمەنییەكانیشیان بتەقێننەوە. فەرماندەكەی سوپای پاسداران ئاماژەی بە هەڕەشەكانی دوێنێی فەرماندەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران و هەڕەشەكانی پێشووی فەرماندەكانی ئێران كردووە و گوتوویەتی، پێشتر هۆشدارییان دابوو لەوەی لە سنوورەكانی ئێران دوور بكەونەوە، ئەگەرنا دەیانكەنە ئامانج.
دوو رۆژە هیچ هێرشێك نەکراوەتە سەرمان
كاوە بەهرامی بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی سەربە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران "حدكا"، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و بە هیچ شێوەیەك ئەمڕۆ دووشەم بنكەكانیان نەكراوەتە ئامانج، دوو رۆژە هیچ هێرشێك نەکراوەتە سەرمان.
ئەو روونی كردەوە، باكیان بە هەڕەشەكانی رژێمی ئێران نییە و ئەم جۆرە هەڕەشانەش بۆ شاردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانە، بە قسەی خۆیان وای پێشان دەدەن زیانیان بە ئۆپۆزسیۆن گەیاندووە.
هاوكات حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان "حدك"، رەتی كردەوە هیچ جۆرە هێرشێك بۆ سەر بنكە و بارەگاكانیان كرابێت. ئاماژەی دا كە ماوەیەكە هێرش و تۆپبارانەكان بە تەواوی وەستاون.
پێویستە بگوترێ ماوەیەكە سوپای پاسدارانی ئێران لە سنووری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان كە كەوتووەتە نزیك سیدەكان، هێز كۆ دەكاتەوە و دوو رۆژە هێزێكی زۆری كۆ كردووەتەوە.
دوێنێ یەكشەم محەمەد حوسێن باقری فەرماندەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، هۆشداریی دایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا و هەڕەشەی ئەوەی كرد، درێژە بە هێرشكردنە سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدات.
حەسەن قادرزادە پێشتریش گوتبووی، ئێران دەیەوێ بەم كارە گوشار بخاتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی رێ لە هەر جۆرە چالاكییەكی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بگرن.
زیانەكان زیاتر بۆ سەر ژینگە و كشتوكاڵ بووە.
ئەو دەڵێت، لەو ماوەیەدا كە بوونەتە ئامانجی هێرشی سوپای پاسداران، هیچ جۆرە زیانێكیان بەرنەكەوتووە و زیانەكان زیاتر بۆ سەر ژینگە و كشتوكاڵ بووە.
پێشبینی دەكرێ هاوشێوەی سێ ساڵ لەمەوبەر، سوپای پاسداران بیەوێ لەگەڵ ئەو مانۆڕە سەربازییەی لە سنوورەكان بەڕێوەی دەبات، بەشێك لە چەكەكانی خۆی تاقی بكاتەوە و بە هێرشی مووشەكی، بنكەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە قووڵایی خاكی كوردستان بكاتە ئامانج.
لە هێرشی مووشەكیی سێ ساڵ لەمەوبەری سوپای پاسداران بۆ سەر بنكەی سەرەكی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان، 16 كادر و سەركردەی ئەو حزبە شەهید بوون.
پێویستە بگوترێ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان جێگیر بوون، بوونی بەشێك لەم هێزانە بۆ پێش دامەزرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە.