هەشت پزیشك دەدرێنە دادگا

:: AM:10:54:21/09/2021 ‌
سەندیكای پزیشكانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، هەشت كەس دراونەتە دادگا كە مافی كاری پزیشكییان نییە و دوای ئاگەداركردنەوەشیان بەردەوام بوونە لە كارەكەیان. پارێزەرێكیش دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە دەستی پێ‌ كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئەیلوول، ئەیاد كاكەیی پارێزەری سەندیكای پزیشكانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ ڕێگریكردن لەو كەسانەی كە كاری پزیشك دەكەن لەكاتێكدا بەپێی یاسا ئەو مافەیان نییە، سەندیكای پزیشكان بڕیاری دا لەمەودوا لە ڕێی دادگاوە ڕێكاری یاساییان بەرانبەر بگرێتەبەر.

ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەو كەسانە جێبەجێ كران
زیاتر گوتی، لە ڕابردوودا داخستن و پێبژاردن لەلایەن سەرجەم سەندیكا پزیشكییەكانی تر و لایەنە پێوەندیدارەكانی كەرتی تەندروستی، وەك ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەو كەسانە جێبەجێ كران، نەبوونە هۆی بنبڕكردن یان كەمتركردنەوەی ئەو گرفتە.

باسی لەوەش كرد، ئەو پزیشكانە ئەو ڕێكارانەیان بەرانبەر گیراوەتەبەر، بەهۆی نەبوونی مۆڵەت یان لە شارێكی عێراقدا هاتوون، خۆیان تۆمار نەكردووە و ڕێكارە یاساییەكانیان جێبەجێ‌ نەكردووە، هەروەها خەڵكانێك لە بواری جوانكاری كار دەكەن كە پیشەی ئەوان نییە، بۆیە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە.

بەگوێرەی نووسراوێكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، هەشت پزیشك و ئەو كەسانەی لە بواری پزیشكی كار دەكەن لە هەولێر، سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە.




وشە - رامیار جەواد