عارف تەیفوور ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی/ هەڵەبجە، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی گرنگ و باس لەوە دەكات، سلێمانی بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی ئێستەی لە سنوورەكەدا بووەتە شارێكی دواكەوتوو. یەكێتی پڕۆژەی داناوە لە ئێستەوە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا بكات.
پارتی تاچەند گرنگیی بە سلێمانی داوە، چونكە خەڵك گلەیی ئەوە دەكەن و دەڵێن پارتی گرنگی بە سلێمانی نادات؟
سلێمانی زۆر گرنگە لامان، لە بنەڕەتدا سلێمانی زێدی پارتییە، پارتی كە دامەزراوە لە سلێمانییەوە دەستی پێ كردووە، هەر لەسەر ئەوە بنەمایە سلێمانی بۆمان گرنگە و خاوەنی كادرێكی زۆرین تێیدا، بەڵام زروفێكی ناهەموار بەسەر شارەكە هاتووە، ئەم زروفە بووەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە ناتوانین بەتەواوی خزمەتی ناوچەكە و هەڤاڵانی خۆمان بكەین، دۆخەكە وای لێ هاتووە سلێمانی لە ناو خۆیدا وەك دوو ئیدارەیی لێ هاتووە، هەندێك لە زۆنی سەوز زۆر زاڵن و وایكردووە نەتوانین وەك پارتی هەندێك شت بۆ سنوورەكە و كەسانی خۆمان بكەین، لەبەرئەوەی خەڵكی سلێمانی تا ئاستێك هەقی خۆیانە گلەیی لە پارتی بكەن، بەڵام شتەكە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەیە.
حزبی دەسەڵاتدار لە شارەكەدا توانیویەتی خزمەتی شارەكە بكات؟
سەرەڕای رێگرییەكان كە لە ئێمە دەكرێت، لایەنی دەسەڵات لە سنوورەكە خزمەتی سلێمانی ناكات، لەبەرئەوە دۆخی سلێمانی لە حاڵەتێكی زۆر خراپدایە و پێویستی بە هەموو خزمەتێك هەیە.
پارتییەكانی سلێمانی دووجار پارتین
سلێمانی بە موڵكی خۆتان دەزانن؟
سلێمانی لە هەولێر و دهۆك زیاتر بە موڵكی خۆمانی دەزانین، چونكە پارتییەكانی سلێمانی دووجار پارتین، لەگەڵ ئەوەی كادرەكانی ئێمە لەناو ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی شارەكەدان، بەڵام لە هەمان كاتدا لەژێر تیرۆری فكریدان و ئەو تیرۆرەی فكرییەش پاڵەپەستۆیەكی زۆریان لێ دەكات بە هەموو جۆرێك، بۆ ئەوەی نەتوانن هەنگاوی باش بهاون و بەرەوپێش بچن. پارتی سلێمانی بە شاری خۆی دەزانێت، دەرفەتمان بۆ هەڵكەوێت بە خۆشییەوە هەموو خزمەتێكی سلێمانی خۆشەویست دەكەین و ئەوەی پڕۆژەی باش بێت دەیكەین.
هۆی چییە بەردەوام لە سلێمانی تەقە لە بارەگاكانی پارتی دەكرێت؟
لەوەتەی دەستبەكار بووم وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی، تەقەی كەم كراوە، یەك جار تەقە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی كرا و تەقەكەرەكان گیران و درانە دەست پۆلیس، بەڵام یاسا وەك هەمیشە رۆڵی نەبوو لەوەی كە بە سزای خۆیان بگەیەنێت، بە دەستەبەری بەردران و ئێستە لەسەر شەقام بۆ خۆیان دەسووڕێنەوە، هەرچەندە پارێزەرمان گرتووە و لە دادگا داوامان لەسەریان هەیە، بەڵام زروفەكەی ئەوان وایە كە یاسا بە ئەركی خۆی بەرانبەریان هەڵنەستێ.
ئەوانەی تەقە لە بارەگاكانی پارتی دەكەن سەر بە كێن و چ لایەنێك ئاراستەیان دەكات؟
بۆ ئاراستەكردنیان نازانین، بەڵام ئەوانەی كە ئێمە گرتمانن سەربە دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، چەكیان و پێناسەیان و ددانپێدانانەكەیان دیارە، خۆیشیان گوتیان سەربە دژە تیرۆرن.
پارتی دەتوانێ بۆ هەر دۆخ و پرسێك شەقامی سلێمانی بجووڵێنێت؟
بەو جۆرە زۆرە نا، بەڵام دەتوانین پاڵپشتێكی سەرەكی بین ئەگەر بمانەوێت بۆ جووڵاندنی شەقامی سلێمانی.
وەك جەماوەر و لایەنگر پارتی لە سلێمانی لە زیادبووندایە؟
پارتی بەردەوام لە شارەكە لە زیادبووندایە، هەڵبژاردنەكانیش ئەوە دەردەخەن كە جەماوەرمان لە زیادبووندایە، هەرچەندە ئەمجارە ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەی بازنە كاریگەری لەسەر هەڵوێستی پارتی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دەنگدەرمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە سلێمانی زیاتر دەبێت.
دەتوانن حوكمی سلێمانی بكەن؟
ئەگەر بۆمان رێك بكەوێت بۆ نا، ئێمە بتوانین حوكمی هەموو كوردستان بكەین، بۆ نەتوانین حوكمی سلێمانی بكەین، زۆر بە باشی دەتوانین بیكەین، ماوەیەكیش حوكمی شارەكەمان كردووە، چوار ساڵی بەیانی 11ی ئادار، پارتی حوكمی سلێمانی كردووە و حوكمەكەشمان بە ماوەیەكی ئاڵتوونی دادەنرێت و خەڵكەكە زۆر رازی بووە لێی.
ئەو حوكمەی ئێستەی سلێمانی تا چەندە رێگرە لە پێشكەوتنی سلێمانی؟
سەیرێكی ناو سلێمانی بكەن لەو دۆخەی تێیدایە، هەر لە دروستكردنی كێشە و گرفت و بێكاری بە ئاشكرا دیارە، هیچ هەوڵێكی رژد نەدراوە بۆ خزمەتكردنی سلێمانی، سلێمانی تا ئاستێكی زۆر دوا كەوتووە وەك لە شارەكانی تر، بە بۆچوونی من سلێمانی لە رووی خزمەت و ئاوەدانكردنەوە دوا كەوتووە.
لە دوای هەشتی تەمووز پێوەندییەكانی پارتی و یەكێتی بەرەوپێش چووە؟
ئێمە هیچ جۆرە پێوەندییەكمان لەگەڵ یەكێتی نەكردووە، ئێمە چاوەڕێی ئەوانمان كردووە كە بگەنە بڕیارێك لەناو خۆیاندا، خۆیان یەكلا بكەنەوە، ئەوكات ئێمە یەكێتی بە هاوپەیمانی خۆمان دەزانین لە ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوپەیمانی خۆمانیان دەزانین لە بەغدا بۆ جێبەجێكردنی كارەكان و دەستووری عێراق، چاوەڕێ دەكەین بزانین چ ئەنجامێكیان دەبێت، ئەوكات بڕیار دەدەین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بكەین.
لەسەر هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق، دەگوترێ پارتی بۆ لەگەڵیان نەبوو وەك سێ حزبی پێكهێنەری حكوومەت، رەخنەكە ئاراستەی پارتی دەكەن؟
ئەوان بە ئێمەیان نەگوت وەرن لەگەڵمان بن، ئێمەش بە ئەوانمان نەگوتووە، ئەوان بۆ خۆیان هاوپەیمانییان پێكهێناوە، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین و هیوادارین لە كارەكانیان سەركەوتوو بن و بتوانن بۆ خۆیان یەكگرتنێكی تەواو پێك بهێنن و هیچ قسەیەكمان نییە، بەڵام ئەوان بە ئێمەیان نەگوت وەرن، تا بزانین دەیكەین یان نا.
ئایا پارتی دۆخی هەرێمی كوردستانی ڕاگرتووە؟
ئەوە دیار و ئاشكرایە كە پارتی بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لە كوردستان دەكات، پێشمەرگەكانی لە بەرەكانی شەڕە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ئەو هێزانەی دەیانەوێ دۆخی هەرێم تێكبدەن. پارتی بەرگری لە كوردستان دەكات، بەڵێ وەك پارتی بە هەموو جۆرێك پارێزگاری لە كوردستان دەكەین.
ئایا یەكێتی دەتوانێ لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری بكات؟
وەك پارتی ئەوەمان پێ دەكرێت كە ساختەكاریان كرد، ئاشكرایان بكەین
پێشبینی ئەوە دەكەین ساختەكاری بكرێت لە سنوورەكەدا، وەك پارتی ئەوەمان پێ دەكرێت كە ساختەكاریان كرد، ئاشكرایان بكەین و لایەنی پێوەندیدار ئاگادار بكەینەوە، بەڵام ناتوانین رێگرییان لێ بكەین، چونكە ئەوان شێوازی خۆیان هەیە و بە هەموو شێوەیەك دەتوانن ساختەكاری بكەن، پێدەچێ ساختەكاری بكەن و هەوڵی بۆ دەدەن، لە ئێستەشەوە لە قسەكانیاندا دیارە كە پڕۆژەی ساختەكارییان لە بەردەستدایە.
ئەوان دەتوانن ئەو ساختەكارییەی 2018 دووبارە بكەنەوە؟
ئینشائەڵا ناتوانن وەك ساڵی 2018 بیكەن، بەڵام ساختەركاری دەكەن.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی