پڵنگەكەی یەكێتی لە سلێمانی هاتە پاڵ پارتی

:: AM:10:07:04/10/2021 ‌
بە دەیان پلەباڵا و ئەفسەر و رێكخستنی پێشمەرگە لە سلێمانی لە ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێوەندییان بە پارتی دیموكراتی كوردستان كرد. ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێ، ئەوانە بەڵێنیان داوە بۆ هەمیشە لەسەر رێبازی بارزانی بن.

رزگار ئەژی گۆران ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە "وشە"ی راگەیاند، ژمارەیەك لە ئەفسەری پێشمەرگە و رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی، بە خۆیان و كەسوكاریان پێوەندییان بە ریزەكانی پارتی كردووە، دووپاتیان كردووەتەوە كە كار بۆ سەرخستنی پارتی دەكەن و بۆ هەمیشە لەسەر رێبازی بارزانی دەبن.

لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی رێكخستنەكانی ئەو حزبە، سەردانی ئەنجوومەنی سەركردایەتییان كرد


ئەوەشی گوت، لە ناویاندا عەلی شێرۆ پڵنگ هەیە كە پلەباڵایە لە ناو پێشمەرگە و لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی رێكخستنەكانی ئەو حزبە، سەردانی ئەنجوومەنی سەركردایەتییان كرد و پارتیبوونی خۆیان راگەیاند.

 عەلی شێرۆ پڵنگ بە "وشە"ی راگەیاند، "پلەی عەقیدم هەیە و لەناو پێشمەرگەی سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووم، خۆم و زیاتر لە 40 ئەفسەری تر، بە خۆیان و كەسوكاریانەوە پێوەندییان بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، پێمان وایە ئەوەی خەمخۆری كوردستانە تەنیا پارتییە".

ئەو گوتی، دوای ئەوەی بۆیان روون بووەوە كە پارتی حزبێكە داكۆكیكار و بەرگریكارێكی راستەقینەی مافەكانی كوردە و كار بۆ سەربەخۆیی و پێكەوەبوون دەكات، بۆیە ئەو بڕیارەیان دا و بۆ هەمیشە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەمێننەوە و كار بۆ سەرخستنی دەكەن. ژمارەیان زۆرە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا ژمارەیەكی تر لە ئەفسەرانی پێشمەرگە، پێوەندی بە ریزەكانی پارتی لە سلێمانی دەكەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان