داعش مۆبایلی هاووڵاتییان دەدزێ‌

:: AM:09:57:14/10/2021 ‌
چەند چەكدارێكی داعش دەچنە سەر گوندێكی كوردنشین لە سنووری سەرگەڕان، مۆبایلی ژمارەیەك هاووڵاتی دەبەن و دوای تەقەكردن لێیان، بەرەو چیای قەرەچووخ هەڵدێن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی تشرینی یەكەم، عەبدولكەریم ئیبراهیم ئەندامی ئەنجوومەنی گوندەكانی سەرگەڕان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو چەند چەكدارێك چوونەتە سەر دانیشتووانی گوندی لهێبانی سەربە شارەدێی سەرگەڕان.

زیاتر گوتی، دوای پرسین لە هاووڵاتییانی ئەو گوندە، بەدوای دوو پێشمەرگەوە بوونە كە دانیشتووی ئەو گوندەن، دوای بێ‌ هیوابوونیان، چەكدارەكان حەوت مۆبایلیان لە دوو ماڵی گوندەكە وەرگرتووە.

دوای بێ‌ هیوابوونیان، چەكدارەكان حەوت مۆبایلیان لە دوو ماڵی گوندەكە وەرگرتووە.
باسی لەوەش كرد، دوای وریابوونەوەی خەڵكی گوندەكە لە بوونی چەند چەكدارێكی نایاسایی، تەقەیان لێ كراوە و دواتر هەڵاتوون، چەندان كەلوپەلیان لە دوای خۆیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە چیای قەرەچووخ.

ڕوونی كردەوە، بۆ یەكەمجارە چەكدارانی داعش نزیكی ئەو گوندە بكەونەوە، ئەوەیش مانای زۆربوونی ژمارەی چەكدارەكانە كە ئێستە جووڵەكانیان زۆر بووە.

دوای ڕووخانی داعش و نەمانی هیچ شوێنێك بە دەستیان، ئێستە ژمارەیەك چەكدار لە چیای قەرەچووخ خۆیان حەشار داوە و گومان دەكرێ‌ ژمارەیان زیاتر لە 300 چەكدار بێت، بەردەوام هێرش دەكەنە سەر هاووڵاتییان و هێزە تەناهییەكانی ئەو ناوچەیە.



وشە - رامیار جەواد