بودجەی ئەمساڵی ئێران 300 تریلیۆن تمەن لە كورتی دەدات

:: AM:10:26:14/10/2021 ‌
بەپێی ئەو پڕۆژەیەی ئێران بۆ بودجەی ئەمساڵ دیاری كردبوو، داهاتەكان بەدی نەهاتوون و پلانی بودجە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە لانی كەم 300 تریلیۆن تمەن لە كورتی دەدات.

ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، لە راپۆرتێكدا كە لەمدواییەدا بڵاوی كردەوە، ئاماژەی بە خەرجییەكان و داهات بەگوێرەی پڕۆژەی بودجە كردووە و پێی وایە، ئەو كورتهێنانە بە هیچ شێوەیەك پڕ ناكرێتەوە.

ناوەندەكە پێشنیاری ئەوەی كردووە، خەرجییەكان كەم بكرێتەوە و هەوڵی بەرزكردنەوەی داهات بدرێت. دەگوترێ ئەگەر هەندێك قەرزی ناوخۆییش لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا كورتهێنانەكە دەگاتە 470 تریلیۆن تمەن كە بە دۆلار دەكاتە 16 ملیار دۆلار.

پێشبینی ئەوەی كردبوو سزاكان لەسەری سووك دەبن


ئێران ساڵی رابردوو پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بنووسێت و بینێرێتە پەرلەمان، پێشبینی ئەوەی كردبوو سزاكان لەسەری سووك دەبن و دەتوانێ نەوتەكەی بفرۆشێت، بەڵام ئەو چاوەڕوانییە بەدی نەهاتووە. پلانی ئێران ئەوە بووە ئەمساڵ یەك تا دوو ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردە بكات، بەڵام قەبارەی هەناردە لەو ژمارەیە زۆر كەمترە.

بەگوێرەی بی بی سی، پلانی دەستەبەركردنی داهات لە كەرتەكانی تریش سەركەوتوو نەبووە. بۆ نموونە داهاتی پێوەندیدار بە باج و گومرگ، بە رێژەی 6% بەدی هاتووە. سوودوەرگرتن لە سندووقی  پەرەپێدانی نیشتمانی بە رێژەی 92%، پێدانی كاغەزە داراییەكان 2% و داهاتی نەوتیش 15% بەدی هاتووە.

دراوەكەی هێندەی تر تووشی هەڵاوسان دەبێت


ئەگەر ئێران بیەوێت ئەو بڕە كورتهێنانە بە چاپكردنی دراو پڕ بكاتەوە، ئەوا دراوەكەی هێندەی تر تووشی هەڵاوسان دەبێت. ماوەی رابردوو ناوەندی ئاماری ئێران بە فەرمی ئاشكرای كرد، رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە ساڵی رابردوو، بە نزیكەی 50% زیادی كردووە.

ئێران هێشتا لە ژێر گوشاری سزاكانی ئەمەریكادایە و ئەگەری رێككەوتنی ناوكیش لاوازە، بۆیە پێشبینی پاشەكشەی زیاتری ئابووری ئێران دەكرێت.



وشە - سلێمان تاشان