متمانەی جەماوەر و پلانی تۆكمەی هەڵبژاردن بوونە هۆی سەركەوتنی پارتی

:: PM:01:25:14/10/2021 ‌
محەمەد وەتمان ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە هەڵبژاردن و باس لەوە دەكات، پارتی پلانێكی تایبەتی لەو هەڵبژاردنە جێبەجێ كرد، بۆیە ژمارەی كورسییەكانی زیادی كرد، خەڵكیش متمانەیان بە پارتی هەیە.

شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە تا چەند پوخت و بێ گرفت بوو؟

هەڵبژاردنێكی زۆرباش بوو، ئەوەی رۆیشتبێت بۆ دەنگدان، بە ئازادی رۆیشتووە و دەنگی خۆی داوە بەو كەس و لایەنەی كە مەبەستیەتی، كەس لە ژێر هەڕەشە و كاریگەریی هیچ لایەنێك دەنگی نەداوە، هاووڵاتییان بە ئازادانە چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

كەشوهەوای هەڵبژارنەكە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو چۆن بوو؟

هەڵبژاردن لە كەشێكی ئارام و بێ كێشە بەڕێوە چوو، وەك ساڵانی رابردوو شەڕە پەڕۆ و قسە و هیلاككردنی دەروونی هاووڵاتییان و دەنگدەران نەبوو، هەریەك بۆ خۆی لەو شوێنە بانگەشەی كردووە كە كاندیدی هەبووە.

دانانی كاندیدی ژن لە بازنەكانی پێڕەو كرد بۆ ئەوەی سەربكەون.

هۆی چییە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی پارتی زیادی كرد؟

راستە پارتی ژمارەی كورسییەكانی زیادی كردووە، بەڵام ئەویش وەك هەر حزبێك لە رووی دەنگ كەمی كرد، هۆكاری زیادبوونی كورسییەكانی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەم هەڵبژاردنەدا، بەرنامە و پلانێكی باشتری هەبووە بۆ بازنەكان و شێوازی دانانی كاندیدەكانی بەو جۆرە بووە كە توانیویانە سەركەوتوو بن، بەتایبەت دانانی كاندیدی ژن لە بازنەكانی پێڕەو كرد بۆ ئەوەی سەربكەون. 

لە رووی خزمەتكردنەوە توانی كاریگەریی لەسەر خەڵك دروست بكات؟

هەر لایەنێكی سیاسی خزمەتی كردبێت، لەسەر حكوومەت حیسابە، لە هەندێ ناوچە خزمەتی زیاتر كراوە و هەندێكی كەمتر، پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان پێكەوە لە حكوومەت بوون.

هۆكاری متمانەدانی دەنگدەران بە پارتی چییە؟

پارتی حزبێكە جەماوەر و كادری خۆی متمانەیان پێی هەیە و دەنگی دەدەنێ، ئەو بەڵێن و كارانەش كە داویەتی، جێبەجێی كردوون و خزمەتی باشی خەڵكی كردووە.

ئەم جارە شێوازی بازنەیی هیچ گرفتێكی دروست كرد؟

بۆ لایەنە بچووكەكان و ئەوانەی خاوەن نفووز نین بەڵێ، دەبوو چاوەڕێی ئەوەیان بكردایە كە كورسی نەهێنن.

زۆربوونی ژمارەی كورسیی لایەنە كوردییەكان لە بەغدا، چ كاریگەرییەكی لەسەر پێگەی كورد هەیە؟

ئەمجارە كورد هەڵبژاردنێكی باشی كرد، لایەنە كوردییەكان دەبێ لە بەغدا پێكەوە بن، پارتی و یەكێتی وەك دوو لایەنی سیاسیی هەرێم پێكەوە هاودەنگ بن و پێكەوە هاوئاهەنگی بكەن و بچنە بەغدا، پارتی و یەكێتی هەمیشە پێكەوە بوون، بە تاك ناتوانن هیچ بكەن و پێكەوە دەتوانن شتی زۆرباش بكەن، كاریگەریی زۆر باشیان دەبێت و كاریگەرییان لەسەر پرسە نەتەوایەتی و مافەكانی كورد دەبێت، بەرگری لە دەستوور بكەن كە بۆ دەوڵەتی فیدراڵی و بە ئاگاداری كورد و عەرەب نووسراوە.

گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا هیچ كورسی نەهێنا، هۆكار چی بوو؟

لایەنە بچووكەكان دەبوو چاوەڕێی ئەوەیان بكردایە


لایەنە بچووكەكان دەبوو چاوەڕێی ئەوەیان بكردایە لەم شێوازەی هەڵبژاردنەدا دەنگ ناهێنن و تووشی ئەو كێشە دەبن.

بەڵام گۆڕان لایەنێكی بەهێز بوو و وەك لایەنەكانی تر بچووك نەبوو؟

گۆڕان هێشتا جووڵانەوەی سیاسییە و نەبووە بە حزبی سیاسی، بەڵام ئێمە پێمان وابوو دوو بۆ سێ كورسی بهێنێت، هاووڵاتییان سزای لایەنەكانیان داوە و گۆڕانیش لەو چوارچێوەیە سزای خۆی وەرگرتووە.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان