پێنجوێنییەكان تۆڵەیان لە یەكێتی و گۆڕان كردەوە

:: PM:02:38:14/10/2021 ‌
دەنگدەرانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن لە هەڵبژاردنی 10ی مانگدا، تۆڵەیان لە یەكێتی و گۆڕان كردەوە كە بە یەك لیست بەشدار بوون، هۆكارەكەش ئەوەبوو ئەوان گرنگییان بە ناوچەكە نەدابوو و خەڵكیان پشتگوێ خستبوو. خوازیاریشن لە نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، ئاوڕی باشتر لە كەرتی كشتوكاڵیی ناوچەكە بدەنەوە.

نەشوان حەمە عیزەت دانیشتووی پێنجوێن، بۆ "وشە" گوتی، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زۆربەی پۆستە ئیداری و حكوومییەكانی ناوچەكە، بەدەست بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕانەوە بوون، چ لە ناو پێنجوێن و چ لە مەرزەكانی باشماخ و سەیران بەن كە رۆژانە داهاتێكی زۆر پەیدا دەكەن.

پێنجوێن، پێویستی بەجێبەجێكردن و تەواوكردنی چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیجی هەیە


ئەو پێی وایە پێنجوێن، پێویستی بەجێبەجێكردن و تەواوكردنی چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیجی هەیە، نیگەرانن كە وەك پێویست و بە رژدی ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە.

بەگوتەی ئەو هاووڵاتییە، هێشتا زۆربەی گوندەكان رێیەكانیان خراپە، لەناو پێنجوێن گرفتی كەمئاوی لە زۆربەی گەڕەكەكان هەیە، گەنجان بێكارن و چەندان گرفتی تر هەیە، بەڵام هەر كاتێك چوونەتە لای بەرپرسانی باڵای شارەكە، هەرجارە و بە پاساوێك بێ هیوایان كردوون، بۆیە ئەوانیش لە هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگەدا، دەنگیان نەدایە نوێنەرانی یەكێتی و گۆڕان.

 هاوكات مستەفا حەمید كە جووتیارێكی دەشتی پێنجوێنە، بۆ "وشە " ئاماژەی دا، ئەگەر گوێ لە داواكارییەكانیان و ئەو هەموو خۆپێشاندانە بگیرایە كە جووتیارانی سنوورەكە كردوویانە، ئەوا لە رێی سندووقەكانی دەنگدانەوە تۆڵەیان لە یەكێتی و گۆڕان نەدەكردەوە.

هەروەها ئاماژەی دا، راستە نوێنەری پارتی لە سنووری پێنجوێن و پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور و سەیدسادق دەرچووە، بەڵام زۆربەی جووتیاران دەنگیان بە پارتی داوە و هیوادارن، نوێنەرانی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا كار بۆ جێبەجێكردنی داواكاری و چارەسەركردنی گرفتەكان بكەن.

ئەو دەڵێت، "زۆربەی دانیشتووانی پێنجوێن جووتیارن، دەمانەوێ لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، بازاڕی ساغكردنەوەمان بۆ دەستەبەر بكرێت و هەر لە ئێستەوە ئەم داخوازییەمان لە پارتی و نوێنەرەكانی لە بەغدا هەیە ".

وەك زیاتر خستیەڕوو، لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەركردە دیارەكانی پێنجوێنی ئەو دوو حزبە، كە دەیانگوت پێكەوە بەهێزترین، بە رووكەش بانگەشەیان كرد، كەچی لەسەر وەرگرتنی تەندەری دروستكردنی عەلوەی گەورەی پێنجوێن، بە رۆژی رووناك چەكداریان بەرانبەر بە یەكتر وەستاند و ئەوەش هێندەی تر خەڵكیان بێ ئومێد كرد.

شارۆكەی پێنجوێن، دەكەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان، لە هەڵبژاردنی 10ی مانگدا، نەوەی نوێ بە رێژەیەكی زۆر پێش هاوپەیمانی كوردستان كەوتووە و پارتیش بەجیاوازییەكی كەم لە ریزبەندی هێزی سێیەمی ناوچەكەیە و پێش كۆمەڵ و یەكگرتوو كەوتووە.

لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا


رۆژی 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 34 كورسی، توانی یەكەمییەكەی خۆی بەهێزتر بكات. لە عێراقیشدا رەوتی سەدر ژمارەی پێوانەیی شیعەی شكاند و سەرووی 70 كورسیی مسۆگەر كرد.

هەڵبژاردنەكە لە ڕووی تەكنیكییەوە دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و بە پاكترین هەڵبژاردنیش دادەنرێ، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی


وشە - سلێمان تاشان