سەركەوتنەكەی پارتی واتە سەركەوتنی رۆژئاوای كوردستان

:: AM:11:27:16/10/2021 ‌
كاوە ئازیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئەم مانگە، پێی وایە سەركەوتنی پارتی، دڵی هەموو كوردێكی لە پارچەكانی تری كوردستان خۆش كردووە و بەهێزبوونی پارتی، واتە بەهێزبوونی چوارپارچەی كوردستان. كورد لە هەر كوێیەك بێ، پارتی پارێزگاری لێ دەكات.

هۆكاری سەركەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

زیادبوونی كورسییەكانی پارتی، كاریگەریی پارتی لە ناو هەرێمی كوردستان و عێراق دەردەخات، پارتی لەم هەڵبژاردنەدا نۆ كورسیی زیاد كردووە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە پارتی دروشمی نەتەوایەتی هەڵگرتووە و لەو چوارچێوەیە كاری كردووە. پارتی بەردەوام بەردەوام لە بەرەی گەل بووە، خزمەتی كردووە و لە ناو خەڵك بووە، هاوكات لەگەڵ خەڵكی خۆی راستگۆ بووە.

ئایا زیادبوونی كورسییەكانی پارتی كاریگەریی لەسەر دۆزی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەبێت؟

ئەم سەركەوتنەی پارتی لە هەرێمی كوردستان، بۆ كوردی رۆژئاوا هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر دەبێت، بەتایبەتی بۆ پەدەكەسە و ئەنەكەسە، پارتی بە هاوپەیمانێكی ستراتیجی خۆیان دەبینن، هەر سەركەوتنێك بۆ پارتی، سەركەوتنە بۆ رۆژئاوای كوردستان، بەهێزبوونی پارتی كاریگەری لەسەر دۆزی كورد دەبێت كە لە رابردوودا پارتی سازشی لەسەر نەكردووە.

رۆژئاوا قووڵایی ستراتیجی و نەتەوەییە، بەپێچەوانەشەوە باشووری كوردستانیش بەهەمانشێوە بۆ رۆژئاوا وایە

 رۆژئاوا بۆ هەرێمی كوردستان تا چەند گرنگە؟

رۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان پێكەوە گرێ دراون، رۆژئاوا قووڵایی ستراتیجی و نەتەوەییە، بەپێچەوانەشەوە باشووری كوردستانیش بەهەمانشێوە بۆ رۆژئاوا وایە، هەردوو بەشی كوردستان تەواوكاری یەكترن و بەبێ یەكتر نابن، هەردوولا بۆ یەكتر گرنگن، ئێمە وەك رۆژئاوا رەهەندی ستراتیجی و  تەناهیی هەرێمی كوردستانین.

ئەم سەركەوتنەی پارتی بۆ رۆژئاوا و كوردانی رۆژئاوا گرنگ بوو؟

نەك بۆ رۆژئاوای كوردستان، تەنانەت بۆ باكوری كوردستان و رۆژهەڵات و باشووری كوردستانیش، پارتی بووەتە هێزێكی نیشتمانپەروەر و كاریگەر و گرنگ، بەهێزبوونی پارتی واتە بەهێزبوونی كوردستان لەسەر هەر چوار پارچەی كوردستان، پارتی مافی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەپارێزێت، نموونەیەكە كە كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان خەونی پێوە دەبینن، دەخوازن رۆژێك لە رۆژان ئەزموونێكی وەك هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنن، كوردی چوار پارچە بەهێزبوونی پارتی و هەرێمی كوردستان، وەك هێزێكی ستراتیجی زۆر بە گرنگ دەزانن، بۆ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان دۆخێكی نەخوازراو هاتە پێشەوە، بەرگرییان لێ بكات.

كوردی رۆژئاوا دڵخۆش بوون بە سەركەوتنی پارتی؟

سەركەوتنی پارتی دڵی كوردی رۆژئاوای كوردستانی خۆش كردووە، توانی لە ناو عێراقێكی شكستخواردوو و پڕتوندوتیژی سەركەوێت، هەر سەركەوتنێكی پارتی سەركەوتنی رۆژئاوای كوردستانە.

پارتی حزبێكە دروشمی نەتەوایەتی هەڵگرتووە، دەكرێ بگوترێ ئەمە هۆی سەركەوتنەكەی بوو؟

هەموو رۆشنبیرێكی كورد باسیان لە سەركەوتنی پارتی كردووە وەك حزبێكی نەتەوەیی و پارێزەری ئاڵای كوردستان، كە پارتی سەركەوت، ئەوانە پێیان وابوو پرسی نەتەوایەتی سەركەوتووە، ئەوانەی دژی ریفراندۆم و جاشی 16ی ئۆكتۆبەر بوون، شكستیان هێنا و پارتی سەركەوتنی هێنا، ئەوەش بە هێزێكی رۆحی زۆر گەورە بوو بۆ پارچەكانی كوردستان و ئەوانەی پرسی نەتەوەیەتییان هەڵگرتووە.

كێن ئەوانەی لەگەڵ پارتین و دەنگ بە پارتی دەدەن؟

پارتی تەمسیلی رۆحیەتی نەتەوایەتی دەكات، هەركەس كورد و نەتەوایەتی بێت، حەزی لە پارتی و بنەماڵەی بارزانییە، هەر سەركەوتنی ئەو حزبە سەركەوتنی ئەو كەسانەیە.

باشتر دەتوانێ كوردستان و كوردستانیان بپارێزێت

ئایا بەهێزبوونی پارتی بە واتای بەهێزبوونی پارچەكانی تر دێت؟

بەڵێ پارتی وەك هەمیشە چۆن لە رابردوو پارێزگاری لە كوردستان كردووە، ئێستەیش بە زۆربوونی كورسییەكان، باشتر دەتوانێ كوردستان و كوردستانیان بپارێزێت و دەنگێكی بەهێزتری هەیە لە پەرلەمان و داكۆكی لە مافی هاووڵاتییان دەكات، دەسكەوتەكانی دەپارێزێت و بەرگریكاری سەرسەختی مافەكانی كورد و مافە دەستوورییەكانی كوردستان دەبێت، ئەو مافانەی كە هی كوردن كار بۆ بەدەستهێنان و جێبەجێكردنیان دەكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان