باڵوێزی ئیسرائیل له رووسیا رای گه‌یاندووه، ته‌ل ئه‌بیب له‌گه‌ڵ رووسیا و ئه‌مه‌ریكا پێكهاتووه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێقۆڵی له نێوانیاندا به‌ڕێوه بچێت كه تایبه‌ت به سووریا و ئێران ده‌بێت، به‌ڵام تا ئێسته شوێن و كاتی كۆبوونه‌وه‌كه دیاری نه‌كراوه.
پێگه‌ی "عه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ شه‌موو 16ی تشرینی یه‌كه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، باڵوێزی ئیسرائیل له رووسیا ئه‌لیكسه‌نده‌ر بن تسڤی ئه‌مڕۆ رای گه‌یاندووه، رێككه‌وتن له نێوان ته‌ل ئه‌بیب و مۆسكۆ و واشنتن كراوه كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به دۆخی سووریا و ئێران به‌ڕێوه ببه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته كات و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه دیاری نه‌كراوه.
باڵوێزه‌كه‌ی ئیسرائیل له رووسیا ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری پێكهاتووین ته‌نیا بیرۆكه‌یه، كات و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه دیاری نه‌كراوه، كۆبوونه‌وه‌كه له نێوان سه‌رۆكانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رسێ وڵات ده‌بێ، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی سووریا و ئێران ده‌كرێت.
زیاتر گوتوویه‌تی كه له‌م قۆناغه‌دا ته‌نیا لێكتێگه‌یشتن و رێككه‌وتنمان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه كردووه، ره‌نگه ماوه‌یه‌كی تر كه دوور نییه، ئه‌نجام بدرێت، جیا له قسه‌كردن له‌سه‌ر دۆخی سووریا و ئێران، هاوكات گفتوگۆ له‌باره‌ی ناوچه‌كه وه‌ك رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی ده‌كرێت.
دواتریش ئاماژه‌ی دا كه كات و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه، دوای ئه‌و دانوستانه‌ی نێوان سه‌رۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین و سه‌رۆكی ئیسرائیل نفتالی بینیت ده‌ستنیشان ده‌كرێ، كه بڕیاره له شاری سۆچی له 22ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ڕێوه بچێت.