دوای ئەوەی ماوەی شەش ساڵ لە كاری هونەری دوور كەوتەوە و هەوادارانی نیگەران كردبوو، ئێستە ئەدیلی ئەستێرەی بەرتانیایی و جیهانی، گۆرانییەك لە ئەلبوومە نوێیەكەی پێشكەش بە هەوادارانی كرد. لە ماوەی چەند سەعاتێكدا 18 ملیۆن بینەری هەبووە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 17ی تشرینی یەكەم، ئەو گۆرانییە نوێیەی ئەدیلی بەناوی " Easy On Me " بڵاو كردووەتەوە. ئاماژەی داوە كە لە دوای شەش ساڵ لە دووركەوتنەوە لە گۆرانیگوتن، ئەمجارە بە جۆشێكی زۆرترەوە خۆی بە هەوادارانی شاد كردووەتەوە.
پێگەكە ئەوەشی نووسیوە، ئەو گۆرانییەی ئەدیل لە ئەلبوومە نوێیەكەیەتی كە بەناوی "30"ـە، بڕیارە لە 19ی مانگی نۆڤێمبەر بڵاوی بكاتەوە.
هەمیشە چاوەڕێی گۆرانیی نوێی لێ دەكەن.
ئەدیل لە 2018دا بڵاوی كردەوە كە گۆرانیگوتن دڵخۆشی ناكات، بۆیە لێی دوور دەكەوێتەوە. دوای ئەوە هەوادارانی بە ملیۆنان كۆمێنت ئەو دووركەوتنەوەیان رەت كردەوە و ئاماژەیان دابوو، ئەوان پێویستیان بە گوێگرتن لە گۆرانییەكانی ئەوە و هەمیشە چاوەڕێی گۆرانیی نوێی لێ دەكەن.
لە 2019یشدا هەواڵی جیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەرەكەی راگەیاندبوو كە ماوەی سێ ساڵ پێكەوە بوون.
ئەدیل كە لە ساڵی 1988 لە لەندەن لە دایك بووە، بە یەكێك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی دنیا هەژمار دەكرێت كە سەتان ملیۆن هەواداری هەیە. لە 2008دا بە بڵاوكردنەوەی ئەلبوومێك، بووە ئەستێرەیەكی پرشنگدار، یەكەمین ئەلبوومیشی بەناوی "19" بوو، لەوە بەدواوە هەر ئەلبوومێكی بڵاو كردبێتەوە، لەجیاتی ناونیشانی گۆرانییەكانی، ئاماژەی بە تەمەنی خۆی داوە. دەیان خەڵاتی زۆر گەورەی جیهانیی پێ بەخشراوە.