راگەیاندنی كوردی بەرپرسە لە تێكدانی هونەری رەسەن

:: PM:02:16:18/10/2021 ‌
نەجمەدینی غوڵامی هونەرمەندی ناسراو و دەنگخۆشی كورد، خاوەنی دەیان بەرهەمی نایاب و رەسەنە و ئەو گۆرانییانەی سێ تا چوار دەیە لەمەوبەر گوتوونی، هێشتا لای خەڵك خۆشەویستن و هەرگیز بەرهەمەكانی كۆن نەبوون. ئەو لە چاوپێكەتنێكی "وشە"دا  وێڕای دەربڕینی هەندێك رەخنە و ئامۆژگاری، باس لەوە دەكات ئەلبوومێكی نوێی ئامادەیە و بەمزووانە بڵاوی دەكاتەوە.

كەی هەستت كرد كە هونەر لە ناختدا دروست بووە؟

من نەجمەی غوڵامیم و لە گەڕەكی گوڵشەنی شاری سنە لە دایك بووم، هەر لە منداڵی كە باوك و مامم لە میوانداری گۆرانیان دەگوت و دەنگیان خۆش بوو، منیش هۆگری هونەر بووم و دواتر كە چوومە قوتابخانە، لە وانەی سروود بەردەوام گۆرانیم دەگوت، لە هەموو بۆنەیەكدا منیان دەبردە پێشەوە، ئیتر بەردەوامیم پێ دا.

نوێترین بەرهەمت چییە؟

نوێترین ئەلبوومم  ئامادەیە و بەمزووانە بڵاو دەبێتەوە. ناوی "شكۆی هونەرە" كە لە چوار بەرهەم خۆی دەبینێتەوە.

بۆچوون و پەیامت بۆ هونەرمەندانی نوێ چییە؟

هونەر سامانی نەتەوەیە و نابێ هەركەسە و هەڵتۆقێت و ببێتە هونەرمەند. هونەرمەند دەبێ زانیاریی هەبێت لەسەر هونەر و جیۆگرافیای كوردستان و مێژووی كورد و نەتەوەكەی، قاڵ بێت لە هونەرەكەیدا. بڕوام وایە ئەم هونەرمەندە نوێیانە زۆربەیان كارەكانیان سەقەتە و نابەجێیە، نابێت ئاوا بەردەوام بێت. كەس بە كتوپڕ و بە ساڵێك و دوو ساڵ نابێ بە هونەرمەند.

هونەر باشترین چەكە بۆ بەرگری و پاراستنی وڵات

چۆن لە ڕێی هونەرەوە خزمەتی وڵات و خاك بكەین و پەیام بدەین بە سەركردەكانمان، هاوكات پەیامت چییە بۆ باشووری كوردستان و حكوومەتی هەرێم؟.

هونەر باشترین چەكە بۆ بەرگری و پاراستنی وڵات و كولتوور و مێژووی گەلەكەمان، هونەرمەند ڕۆڵی گرنگ و كاریگەری هەیە لەناو خەڵك، خۆشەویست و خاوەن پێگەیە لەلای خەڵك. هونەرمەندیش دەبێت بەردەوام لەناو خەڵك و لەگەڵ خەڵكیش بێت و لەناو ئازار و میحنەت و گرفتەكانیان بێت. دەبێ خاوەنی هەڵوێست و قسەی رژدی خۆی بێ لە سوود و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان.
لە باشوور دەبێت هەمووان پێڕەوی وەزارەتی رۆشنبیری بكەن، ڕاگەیاندنی كوردیش بەرپرسە لە تێكدانی هونەر و شێواندنی هونەری ڕەسەن، بەداخەوە ئێستەیش هونەر و گۆرانی بووە بە لاساییكردنەوەی فارس و تورك و عەرەب و زۆریان ناڕێك و سەقەتن. دەبێ ئەم شتانە راست بكرێنەوە.


وەك هونەرمەندێكی خاوەن ئەزموون و خەمخۆری وڵات و پێشمەرگە، پەیامت بۆ سەركردەكانی كورد چییە؟

پەیامم بۆ سەركردەكانیش ئەوەیە هەست بەوە بكەن كە ئێمە گەلێكی پارچەكراو و بێ وڵاتین، بە هەستیاری و بەرپرسانە مامەڵە بكەن و پارێزگاری لەو پارچە ڕزگاركراوە بكەن. هەرگیز دژی هیچ لایەنێكی كورد نەوەستن و سەركەوتنی هەموو كورد بە هی خۆیان بزانن، پێكەوە دەست لەناو دەست بن بۆ خزمەتی وڵات و خاك و خەڵك. دژی هەموو دوژمنێكی كورد و دۆستی هەموو دۆستێكی كورد بن، هەرگیز نەبنە مایەی دروستبوونی ناتەبایی و گرژی لە ناوخۆدا.

كۆتا پەیامت بۆ خەڵك و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران چییە؟

خەڵكی ئەو پارچە ئازادە و تەواوی كوردستان، هونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیران، دەبێت خەمخۆر و بەئاگا بن و نەهێڵن كوردستان دەستی بێگانە بكەوێت، دوژمن زەفەری پێ ببات و ئەجێندای كولتوور و هونەری بێگانە هەژموون بسەپێنێ، بەتوندی دژی ئەوە هەستن و دژی هەموو تەوژم و داگیركارییەك بن كە دێتە سەرمان.

سلێمانی/ئاسان محەمەد



وشە - سلێمان تاشان