ئەندامێكی تیمی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و ژینگه‌ى عێراق وریایی لە هاتنی شەپۆلێكی توندتر و مەترسیدارتری ڤایرۆسى كۆرۆنا لە عێراقدا و پێشبینی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی لە ڕۆژانی داهاتوودا ده‌كات.
ئەمڕۆ سێشه‌م 19ى تشرینى یه‌كه‌م، دكتۆر ڕوبا فەلاح حەسەن ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و ژینگه‌ى عێراق به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، "به‌پێى دواین داتا كه كه‌وتووه‌ته ده‌ستمان له شاره‌كانى عێراق و هه‌رێمیش به‌هۆیه‌وه هۆشداری لە هاتنى شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەده‌ین، به‌ڵام ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسین تایبه‌ت به ڤایرۆسى كۆرۆنا لەلایەن هاووڵاتییانەوە به‌رز بێته‌وه کاریگەری شەپۆلەکە کەمتر دەبێته‌وه".
ڕوونى كرده‌وه، "داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بابەتەكە بە ڕژدی وەربگرن و پابەندی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی بن و بە پەلە ڕوو له بكەنەكانی كوتان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین بكه‌ن، چونكە هیچ ڕێگەیەكی تر نییە بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە تەنیا ڤاكسین نەبێت."
ئاماژه‌ى دا، "له هه‌رێمى كوردستان و عێراق لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما به‌دڵناییه‌وه شه‌پۆلى چواره‌میش ده‌ست پێ ده‌كات و ژماره‌یه‌كى زۆرى هاووڵاتییانیش تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌بن، ئه‌مڕۆ كاتێك ژمارەی تووشبوونی تۆمار كرا‌و بە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو سه‌یر كراوه، ده‌بینیت زیاتر بووە، ئەوە مانای بێباكی هاووڵاتییانە، بەتایبەتی ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە ئه‌وانیش ده‌بێت له خۆپارێزى به‌رده‌وام بن".
له هه‌رێمى كوردستانیش ئەمڕۆ سێشەم 19ـی تشرینی یەكەم، دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە، هۆكاری زۆربوونی مردن و تووشبوون بە كۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تا ئێستە ئەو كەسانە هیچیان ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.
هاوكات هه‌ر دوێنێ وەزیری تەندروستی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سەردانی ئەو سنوورەی كرد ئەوەیش دوای بڵاوبوونەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەو ڤایرۆسە، لە دەڤەری ڕاپەڕین لە ئێستە سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ بووە لە نەخۆش.