موئه‌یه‌د مه‌غدید جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، ئاگه‌داری ئه‌وه نین رێكخراوێك به ناوی ئۆڵمپیی كوردستانه‌وه دامه‌زراوه.
نزار غه‌زالیی پاڵه‌وانی له‌شجوانی، ئه‌مڕۆ شه‌موو 23ی ئۆكتۆبه‌ر به وشه‌ی راگه‌یاند، رێكخراوێكیان به ناوی "رێكخراوی ئۆڵمپیی كوردستان" دامه‌زراندووه و به‌رنامه‌یان هه‌یه چه‌ند چالاكی و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی وه‌رزشیی له‌شجوانی له كوردستان رێك بخه‌ن.
له باره‌ی ئه‌م پێشهاته‌وه، "وشه" ئه‌مڕۆ شه‌موو پێوه‌ندیی به موئه‌یه‌د مه‌غدید جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان كرد و له باره‌ی ئاگه‌داریی ئه‌وان بۆ دروستبوونی رێكخراوه‌كه گوتی: "ئاگه‌داری ئه‌وه نین رێكخراوێك به ناوی ئۆڵمپیی كوردستان دروست كراوه، پێشتر چه‌ند وه‌رزشوانێك سه‌ردانی ئێمه‌یان كرد و به ئێمه‌یان گوت، كه رێكخراوی وه‌رزشی به ناوی "رێكخراوی وه‌رزشی نائۆڵمپی" دروست ده‌كه‌ن".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر رێكخراوی وه‌رزشیش دروست بكرێت و هه‌ر ناوێكی هه‌بێت، نابێته جێگره‌وه‌ی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تیش رێكخراوێكی له‌م شێوه دروست بكات، شه‌رم له ئێمه ناكه‌ن".
موئه‌یه‌د مه‌غدید گوتی: "كێشه له دروستبوونی رێكخراوی وه‌رزشیی نییه، كێشه ئه‌وه‌یه حكوومه‌تی كوردستان هیچ روئیایه‌كی بۆ وه‌رزش نییه و پلانی نییه".
گوتیشی: "نازانین تا كه‌ی چاوه‌ڕێ بكه‌ین، تا كه‌ی چاره‌سه‌ی كێشه‌كانی وه‌رزش له كوردستان ناكرێت".
لیژنه‌ی ئۆڵمپیی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2006 دامه‌زراوه، به‌ڵام تا ئێسته یاسای كاری له په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌كراوه، هه‌روه‌ها چه‌ند ساڵێكیشه به هۆی رووداوه‌كانی شه‌ڕی داعش و دواتر قه‌یرانی دارایی كوردستان، بوودجه‌ی بڕاوه، له كاتێكدا لیژنه‌كه به‌رپرسه له ئه‌نجامدانی خول و پاڵه‌وانیه‌تی و چالاكییه وه‌رزشییه‌كان له كوردستان.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مڕۆ شه‌موو سه‌ردار ئیسماعیل سه‌رۆكی یه‌كێتیی له‌شجوانیی كوردستان ده‌ستی له كار كێشایه‌وه.