حزبوڵای عێراق: لەو تاوانە نێودەوڵەتییە بێدەنگ نابین

:: PM:01:36:24/10/2021 ‌
دوای ئەوەی هەوادارانی ئێران لە عێراق كە لە میلیشیاكان پێكهاتوون، ناڕەزایەتییەكانیان لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردن فراوانتر كردووەتەوە، حزبوڵای عێراق لەڕێی بەیاننامەیەكدا دەڵێ ئەوەی كراوە، تاوانێكی نێودەوڵەتییە و لێی بێدەنگ نابین.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 24ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسێكی تەناهیی حزبوڵای عێراقی لەڕێی بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، ساختەكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن كراوە و پێمان وایە تاوانێكی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە، بۆ ئەو تاوانەیش چەندان لایەنی ناوخۆیی تێیدا بەشدارن، بۆیە ناڕەزاییەكان فراوانتر دەكەینەوە.

ئەبو عەلی عەسكەری كە بەرپرسێكی باڵای حزبوڵایە گوتوویەتی، ناڕەزاییەكان لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردن دەستی پێ كردووە و ئەو ئەنجامانە رەت دەكەینەوە كە بە ساختە كراون، بۆیە ناڕەزاییەكان لە تەواوی وڵات فراوانتر دەكەینەوە و لەو تاوانە نێودەوڵەتییە بێدەنگ نابین.

عەسكەری رەخنەی لە بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش گرت كە ددانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا ناوە، گوتوویەتی ئەو بەیاننامەیە زۆر خراپە، هاوكات ئەوە دەسەلمێنێ كە پیلانێكی نێودەوڵەتی لە ئارادایە و چەندان لایەنی ناوخۆییش تێیدا بەشدارن.

دواتریش گوتی گەلی عێراق بە هەموو تایفەكانەوە و بە زۆرینە قسەی خۆیان كردووە، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەو تاوانە بێدەنگ نابین و گۆڕەپانی ناڕەزاییەكان فراوانتر دەكەینەوە، ئەوەیش هەموو عێراق دەگرێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە لە دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر كە ئەو لایەنانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و كەمترین كورسییان بە دەست هێنا، ئەویش میلیشیاكانی سەربە ئێران دەگرێتەوە، بۆیە لەگەڵ ئاشكرابوونی ئەنجامەكان، رەتیان كردەوە و هەڕەشە دەكەن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د