سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن بۆ به‌یرووت له دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ری به‌یرووت و هاوسۆزی و پشتیوانیكردنی لبنانییه‌كان، دواتریش هاتنی بۆ به‌غدا به ئامانجی سه‌رخستنی كۆنگره‌ی لووتكه‌ی وڵاتانی دراوسێی عێراق، ئه‌مانه هه‌وڵه‌كانی ئیمانوێل ماكرۆنن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی فڕه‌نسا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌وڵدان بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تی گه‌وره هاوشێوه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ چارڵ دیگۆل، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی پاریس له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان و شه‌ڕی سارد به ته‌واوی له ناوچه‌كه پاشه‌كشه‌ی كردووه و ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا به ته‌واوی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه گرنگ و ستراتیجییه‌ی جیهان زاڵبوون.
پێوه‌ندی
فڕه‌نسا به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كۆن و دێرینه و به تایبه‌تیش له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان و ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، فڕه‌نسا به‌شێكی زۆری وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا داگیركرد، له دوای پاشه‌كشه‌ی فڕه‌نسا له ناوچه‌كه و زاڵبوونی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا، پاریس هه‌میشه هه‌وڵی داوه كه به فره‌وانی هه‌نگاو به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بنێته‌وه، له سه‌رده‌می ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران، پێشوازی و پشتیوانی له مانه‌وه‌ی ئایه‌توڵا خومه‌ینی له وڵاته‌كه كرد، به دروشمی ڕێزگرتن له ئازادی گه‌لی ئێران، كه دواجاریش بۆ ڕووخانی ڕژێم خومه‌ینی له پاریسه‌وه بۆ تاران گه‌ڕایه‌وه و حوكمی وڵاتی گرته ده‌ست و شۆڕشه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه دواجار به گورزێكی فڕه‌نسی له هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا هه‌ژمار كرا، كه به توندی پشتیوانیان له ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران ده‌كرد.
ماكرۆن ئامانجیه‌تی ئه‌و هه‌ژموونه‌ی پاریس له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ده‌ستی داوه بیگه‌ڕێنێته‌وه
جیا له‌وه‌یش پاریس پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه و به‌هێزی له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسی عێراق هه‌بوو، تا جه‌نگی كوێتیش ئه‌و پێوه‌ندییانه له لووتكه‌ی به‌هێزیدا بوون، هه‌میشه‌یش فڕه‌نسییه‌كان به‌غدا و عێراقییان به دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوده‌برد و هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستبووه گه‌ڕ، تا زۆرترین هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته هه‌بێ و باشترین پێوه‌ندیش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته بنیات بنێن.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یش جاك شیراك سه‌رۆكی پێشووتری فڕه‌نسا به توندی دژی ئه‌مه‌ریكا وه‌ستایه‌وه، له‌وكاته‌ی كه بڕیاری وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له ڕژێمی به‌عسی عێراق ده‌ركرد، دواتریش به یه‌كجاری ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی چه‌ندان ده‌یه‌بوو پاریس له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه بنیاتی نابوو، په‌راوێزخران و به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ڕۆیشتن، به‌هۆی گه‌یشتنی ئه‌مه‌ریكا به عێراق و قایمكردنی هه‌ژموونی خۆی له ناوچه‌كه. دواتر نیكۆلای ساركۆی پاریسی خسته‌وه نێو هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ده‌سپێشخه‌ری بۆ وڵاتانی ئه‌وروپایش كرد، كه یه‌كێتی له پێناوی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ببه‌ستن، پێوه‌ندییه‌كانی پاریسیشی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق زۆر به‌هێز كرده‌وه، به‌ڵام دواجار سووریایش بوو به سه‌كۆی جه‌نگ و وێرانه‌یی و هه‌وڵه‌كانی پاریس بۆ سه‌ر خاڵی سفر گه‌ڕایه‌وه. فرانسوا هۆلاندی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌و وڵاته‌یش هه‌نگاوی گه‌وره‌ی نه‌هاوێشت، جیا له چوونه ناو هاوپه‌یمانی بۆ شه‌ڕی دژه تیرۆر نه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ده‌ركه‌وتن وه‌ك هاوپه‌یمان و شوێنكه‌وتووێكی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه.
دواجار ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی گرته ده‌ست و هه‌وڵه‌كانی خستووه‌ته گه‌ڕ، تا به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆكه‌كانی پێشوو، پێگه‌ی فڕه‌نسا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز له ناوچه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌مه‌یش له ڕێی یاریكردن له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه له‌لایه‌كه‌وه و له‌لایه‌كی تریش نزیكبوونه‌وه له وڵاتانی ناوچه‌كه تا سوود له به‌هێزی فڕه‌نسا وه‌ك ئه‌ندامێكی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتێكی خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی و هێزی سه‌ربازی گه‌وره و چه‌كی پێشكه‌وتوو وه‌ربگرن، هه‌موو ئه‌وانه‌یشی خستووه‌ته خزمه‌تی ئه‌و ستراتیجه‌وه، هه‌ندێجار ماكرۆن به ته‌نیا و بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپایش پشتیوانی پاریس بكا هه‌نگاوی ناوه، وه‌ك ململانێكان له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست و لیبیا و كێشه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ قوبڕس و یۆنان، كه ده‌ستوه‌ردانی له ململانێكان كردووه و هه‌ڵوێستی گه‌وره‌ی له دژی توركیا گرتووه‌ته‌به‌ر.
ئامانجیه‌تی كارێكی مه‌زن بۆ وڵاته‌كه‌ی بكات، تا وه‌ك چارل دیگۆلێكی تر ناوی بهێنرێت
پاریس ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ك بژاره‌یه‌كی میانڕه‌و بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا پێشان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی نه بچنه ڕیزی ئه‌مه‌ریكاوه تا چین و رووسیا ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ن، نه له ڕیزی چین و رووسیایش بن تا سزای ئه‌مه‌ریكایان له‌سه‌ر بسه‌پێنرێت، به‌ڵكو ببن به هاوپه‌یمان و نزیكی فڕه‌نسا تا له‌و ململانێ قووڵ و هه‌میشه‌ییه‌ی هه‌ردوو به‌ره‌ی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات ڕزگاریان ببێت.
ئه‌مه ئامانجێكی گه‌وره و ستراتیجێكی مه‌زنه بۆ پاریس، به سه‌ركه‌وتنی ماكرۆن خه‌ونی بوون به ژه‌نه‌ڕاڵ چارل دیگۆلێكی تر و فرانسوا میترانێكی تر ده‌بینێت، چونكه ئه‌و دووانه به كاره مه‌زنه‌كانیان له كاركردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناویان له مێژوو به نه‌مری ماوه‌ته‌وه و هه‌میشه باسیان لێوه ده‌كرێت.